حکومەت 33 ملیار دینار بۆ چاککردنەوەی رێگەوبانەکان تەرخاندەکات
سدقی ئامێدی، بریکاری وەزیری ئاوەدانکردنەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان راگەیاند، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان رەزامەندی لەسەر تەرخانکردنی بڕی 33 ملیار دیناری بۆ چاککردنەوە و نۆژەنکردنەوەی رێگەوبانەکان تەرخانکردووە و رەنگە هەفتەی داهاتوو بە کردەیی دەستپێبکرێت.
لەو 33 ملیار دینارە، 13 ملیاری دیناری بۆ سلێمانی، 10 ملیار بۆ هەولێر و 10 ملیار بۆ دهۆک دەبێت.
سدقی ئامێدی دەڵێت، دابینکردنی ئەو پارەیە تەنها بۆ ئەمساڵە و ساڵی داهاتووش پارەی دیکە بۆ رێگەوبان تەرخاندەکرێت.
دوو هەفتە پێش ئێستا ئیبراهیم عەزیز، بەڕێوەبەری گشتیی رێگەوبانی سلێمانی راگەیاند، 10 ملیۆن دۆلار بۆ نۆژەنکردنەوەی هەندێک لە رێگەوبانەکانی پارێزگای سلێمانی تەرخانکراوە، بەتایبەت ئەو رێگەیانەی کە قەرەباڵخی زۆریان لەسەرە و کەوتوونەتە سەر رێگە سەرەکییەکانی سلێمانی، هەڵەبجە و ئیدارەکانی راپەڕین و گەرمیان.
