"ئەمساڵ ھەرێمی کوردستان ٣٤٠ ھەزار تۆن گەنم ڕادەستی بەغدا دەکات"

پڕۆسەی وەرگرتنی بەرھەمی جووتیاران لە عێراق دەستی پێ کرد و پەرلەمانتارێکی کوردیش ئاماژەی بۆ ئەوە کرد، ئەمساڵ ٣٤٠ ھەزار تۆن گەنم لە ھەرێمی کوردستان وەردەگیرێت و سەرۆکوەزیرانی عێراقیش ٥٠٠ ملیار دیناری تەرخان کردووە بۆ جووتیاران.

محەمەد ئەمین مزووری، ئەندامی فڕاکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "وەزارەتی کشتوکاڵی ھەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدڕاڵ ڕێک کەوتوون لەسەر وەرگرتنی بەرھەمی ئەمساڵی گەنمی جووتیارانی ھەرێمی کوردستان و بڕیارە بۆ ئەمساڵ ٣٤٠ ھەزار تۆن گەنم لە لایەن حکوومەتی فیدڕاڵەوە لە ھەرێمی کوردستان وەربگیرێت."

ئەو پەرلەمانتارەی پارتی گوتی: "ئێستا بەھۆی گەیشتنی بەرھەمی ناوچەکانیان پڕۆسەی وەرگرتنی بەرھەمی گەنم لە ناوچەکانی باشووری عێراق دەستی پێ کردووە و بڕیارە لەگەڵ گەیشتنی بەرھەمی ھەرێمی کوردستانیش لە ڕۆژانی دابێ پڕۆسەی وەرگرتنی گەنم لە لایەن سایلۆکانەوە دەست پێ بکات."

مزووری ڕوونی کردەوە: "سەرۆکوەزیرانی عێراق ٥٠٠ ملیار دیناری بۆ شایستەی جووتیارانی عێراق خەرج کردووە کە پشکی ھەرێمی کوردستانیشی تێدایە، بەڵام ئەم بڕە پارەیە بۆ شایستەی ئەمساڵ (٢٠١٩)ی جوویتارانە نەک ساڵانی ڕابردوو."

پەیوەست بە پارەی ساڵانی ڕابردووی جووتیارانی کوردستان، محەمەد ئەمین مزووری دەڵێت: "ڕۆژانی ڕابردوو ژمارەیەک جووتیاری ھەرێمی کوردستان سەردانی بەغدایان کرد، بەڵام لە کاتی سەردانیاندا سەرۆکوەزیران و وەزیری دارایی لە دەرەوە بوون، بەڵام ئێمە وەک نوێنەرانی ھەرێمی کوردستان بەڵێنی ئەوەمان پێ داون لەگەڵ سەرۆکوەزیران ئەو بابەتە یەکلا بکەینەوە و ھەرچی شایستەی جووتیارانی ھەرێمە خەرج بکرێت."
kdp-
Top