بەبۆنەى یەکگرتنەوەى هێزەکانى پێشمەرگەى کوردستان: غەفوور مەخموورى پیرۆزبایى لە بەڕێز مەسرور بارزانى سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان دەکات
بەبۆنەى بە فەرمى راگەیاندنى یەکگرتنەوەى هێزەکانى پێشمەرگەى کوردستان، غەفوور مەخموورى سکرتێرى گشتیى یەکێتى نەتەوەیى دیموکراتى کوردستان YNDK پەیامێکى پیرۆزبایى ئاراستەى بەڕێز مەسرور بارزانى سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان کردووە، وێڕاى ئاماژەدان بەهەوڵەکانى جەنابیان لەم پێناوەدا، پیرۆزبایى لە جەنابیان دەکات و هیواى بەردەوامى و سەرکەوتنى بۆ دەخوازێت، ئەمەش دەقى پەیامەکەیە:
براى بەڕێزمان جەنابى کاک مەسرور بارزانى سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان
سڵاوێکى برایانەى گەرم ...
بەخۆشحاڵییەکى زۆرەوە؛ دواى هەوڵ و ماندووبوون و رۆڵى کاریگەرانەى جەنابى سەرۆک مەسعود بارزانى رێبەرى بزاڤى رزگاریخوازى نیشتمانیى کوردستان و، دواى هەوڵ و ماندووبوونێکى زۆرى جەنابتان بۆ یەکگرتنەوەى هێزەکانى پێشمەرگەى کوردستان، ئەمڕۆ هەواڵى فەرمى یەکگرتنەوەى هێزەکانى پێشمەرگەى کوردستانمان پێگەیشت، بێگومان رێنماییەکانى جەنابى سەرۆک مەسعود بارزانى و هەوڵە بەردەوامەکانى جەنابتان لەم پێناوەدا بەرهەمەکەى (یەکگرتنەوەى هێزەکانى پێشمەرگەى کوردستان) بوو، بەم بۆنەیەوە دەستخۆشى و پیرۆزبایى لە جەنابى سەرۆک مەسعود بارزانى و جەنابتان و تەواوى گەلى کوردستان دەکەین بۆ ئەم کارە نەتەوەیى و نیشتمانى و مێژووییە، کە هەنگاوێکى گرنگە بۆ دامەزراندنى سوپایەکى کوردستانى یەکگرتوو، کە ئەمەش خەونى لەمێژینەى هەموو لایەکمانە.
لاى هەموو لایەکمان روونە؛ لەسەرەتاى دەستبەکاربوونى کابینەى نۆیەمى حکومەتى هەرێمى کوردستان جەنابتان هەموو هەوڵەکانتان بۆ یەکگرتنەوەى دەزگاو دامەزراوەکانى حکومەتى هەرێمى کوردستان و بە دامەزراوەییکردنى حکومەتى هەرێمى کوردستان بووە، لەم بوارەشدا کارى گرنگ و مێژووییتان ئەنجامداوە، یەکگرتنەوەى هێزەکانى پێشمەرگەى کوردستانیش بە یەکێک لە کارە هەرە گرنگ و مێژووییەکانى کابینەى نۆیەمى حکومەتى کوردستان هەژمار دەکرێت، بێگومان ئەم کارانەتان جێگەى شانازین لە بوارى حوکمدارى و کارگێڕییەکى دامەزراوەیى لە کوردستاندا.
هیواى بەردەوامى و سەرکەوتنتان بۆ دەخوازین.
لەگەڵ رێزو خۆشەویستى دووبارەماندا.
براى دڵسۆزتان
غەفوور مەخموورى
سکرتێرى گشتیى
یەکێتى نەتەوەیى دیموکراتى کوردستان YNDK
21 / 9 / 2026 عەمان - ئوردەن
