نێچیرڤان بارزانى و مایك پێنس دۆخى كوردستان و عێراق تاوتوێ ده‌كه‌ن
له په‌یوه‌ندییه ته‌له‌فۆنییه‌كه‌دا كه ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه 25/4/2019 ئه‌نجام درا، به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى جه‌ختى له گرنگیى به‌رده‌وامیى هاوكاریى ئه‌مه‌ریكا كرده‌وه بۆ سه‌قامگیریى ئاسایش و ئارامى له ناوچه كێشه له‌سه‌ره‌كان و ڕێخۆشكردن بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ى زیاتر له ملیۆنێك ئاواره‌ى عێراقى بۆ ناوچه‌كانیان كه هێشتا له كه‌مپه‌كانى هه‌رێمى كوردستاندان، هه‌روه‌ها پوخته‌یه‌كى ده‌رباره‌ى دوایین هه‌وڵ و گفتوگۆكانى پێكهێنانى كابینه‌ى نوێى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان و په‌یوه‌ندى و دیالۆگى هه‌ولێر ـ به‌غدا بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كان له‌سه‌ر بنه‌ماى ده‌ستوور، پێشكه‌ش كرد.
به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیران سوپاس و پێزانینى هه‌رێمى كوردستانى بۆ ئه‌مه‌ریكا دووپات كرده‌وه كه له شه‌ڕى دژى تیرۆردا پشتگیرى و هاوكارى پێشكه‌ش به هه‌رێمى كوردستان كرد و جه‌ختى له گرنگیى هاوبه‌شى و به‌رده‌وامیى هاوكارى و هه‌ماهه‌نگیى هه‌ردوولا كرده‌وه.
لاى خۆیه‌وه به‌ڕێز پێنس ستایشى به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى و حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان و ڕۆڵى پێشمه‌رگه و خه‌ڵكى كوردستانى كرد بۆ حه‌واندنه‌وه‌ى ئاواره و په‌نابه‌ران له هه‌رێمى كوردستان و بۆ پاراستن و به‌رگریكردن له پێكهاته ئایینى و نهتهوهیییهكان كه ڕووبه‌ڕووى تیرۆرى داعش ببوونه‌وه، هه‌روه‌ها پرسه و سه‌رخۆشى له خانه‌واده‌ى شه‌هیدانى پێشمه‌رگه و قوربانیانى تیرۆر كرد و جه‌ختى له به‌رده‌وامیى هاوكارى و هه‌ماهه‌نگیى هه‌رێمى كوردستان و عێراق له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریكا كرده‌وه بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى مه‌ترسییه‌كانى تیرۆر كه هێشتا هه‌ڕه‌شه له عێراق ده‌كه‌ن و ده‌یانه‌وێت ئارامى و سه‌قامگیریى وڵاته‌كه تێك بده‌ن.
kdp-
