"ئەرمەن لە کوردستان یادی جینۆسایدکردنیان دەکەنەوە"
یەروانت نیسان، کەسایەتیی ئەرمەن لە ھەرێمی کوردستان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "جینۆسایدی ئەرمەنەکان لە ھەشتسەدەکانەوە دەستی پێ کردووە و تێیدا یەک ملیۆن و ٥٠٠ ھەزار ھاووڵاتیی ئەرمەن بوونەتە قوربانی، بۆ یەکەم جار جینۆساید لە جیھاندا بەرامبەر بە گەلی ئەرمەن و جوولەکە بەڕێوە چووە و لە سەردەمی دەسەڵاتی عوسمانیدا گەورەترین جینۆساید بەرامبەر بە گەلی ئێمە کراوە."
ئەو کەسایەتییەی ئەرمەن دەڵێت: "گەورەترین پڕۆسەی جینۆساید لە ٢٤ی نیسانی ١٩١٥ و ڕۆژانی دواتر کراوە، ھەرئەوەش وای کرد نەتەوە یەکگرتووەکان ڕۆژی ٢٤ی نیسانی ھەموو ساڵێک وەک ڕۆژی جینۆسایدی ئەرمەنەکان زیندوو بکرێتەوە و ساڵانە ئێمە لەو بۆنەیەدا چالاکی بەڕێوە دەبەین."
دەربارەی ھاتنی ئەرمەنەکان بۆ ھەرێمی کوردستان، نیسان گوتی: "دوای ١٩١٥ زۆربەی گەلی ئەرمەن لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی عوسمانی کۆچیان کرد و بەسەر وڵاتانی دەوروبەردا بڵاوەیان پێ کرا، ئێمە ئەوکات خەڵکی دەڤەری شەرناخی باکووری کوردستان بووین، بەهۆی نزیکایەتییەوە ئاوارەی زاخۆ بووین و تا ئێستا لە زاخۆ نیشتەجێین."
KDP-
