سوننەكان ئومێدی زۆریان بە سەرۆك بارزانی ھەیە كێشەكانیان چارە بكات
چاودێری سیاسی و مامۆستای زانكۆی سەڵاحەددین، د. ساڵح مەلاعومەر، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "ھەرێمی كوردستان رۆڵێكی گرنگی لە سەقامگیریی عێراقدا ھەیە، بۆیە بەردەوام سەركردەكانیان سەردانی ھەرێمی كوردستان دەكەن بۆ ئەوەی ھاوكارییان بكەن، چونكە سوننەكان بە ھۆی شەڕی داعشەوە تووشی كارەساتی زۆر ھاتوون لەو چەند ساڵەی ڕابردوودا و ناوچەكانیان وێران بوون، بۆیە داوا لە سەرۆك بارزانی دەكەن كە ھاوكارییان بكات و ھاوسەنگی دروست بكاتەوە لە نێوان سوننە و شیعەدا و چیتر مافی سوننە پێشێل نەكرێت".
مەلاعومەر گوتیشی: "تاوەكو ئێستا ئاوارە سوننەكان نەگەڕاونەتەوە بۆ سەر ماڵوحاڵی خۆیان و ھەرێمی كوردستانیش ھەوڵ دەدات كە ھاوكاریی سوننەكان بكات بگەڕێنەوە و چیتر لە ئاوارەییدا نەمێنن و ناوچەكانیشیان ئاوەدان بكرێنەوە و كۆتایی بە توندوتیژی بھێندرێت".
ئەو چاودێرە هەروەها باسی لەوەش كرد، سوننەكان زۆر بە گرنگییەوە لە رۆڵی سەرۆك بارزانی دەڕوانن و پێیان وایە كە سەرۆك بارزانی دەتوانێ ھاوكارییان بكات بۆ چارەكردنی كێشەكانیان و رۆڵێكی ئیجابی بگێڕێت، بۆ ئەوەی ئەوانیش بە شێوەیەكی باش بەشداری لە پرۆسەی سیاسیدا بكەن، بۆیە ئومێدێكی زۆریان بە سەرۆك بارزانی ھەیە.
ئەوەشی خستە ڕوو، سوننەكان دەیانەوێت سەرۆك بارزانی ھاوكارییان بكات لەوەی كە لەناو پارێزگاكان بە ھۆی ناكۆكییەوە ئەو توندوتیژییەی دروست بووە، كۆتایی پێ بێت و یەك بگرنەوە و كێشەكانی نێوخۆیان چارە بكەن.
kdp-
