لە ھەولێر دوو کەس بەھۆی دزییەوە دەستگیر کران

لە ھەولێر دوو کەس بەھۆی دزییەوە دەستگیر کران
بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی ھەولێر لە ڕاگەیاندراوێکی فەرمیدا ئاشکرای کرد، کە دوو کەس لە ھەولێر بەھۆی دزییەوە دەستگیر کراون.

ئەمڕۆ پێنجشەممە 25/4/2019، بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی ھەولێر، ڕاگەیاندراوێکی لە پەیجی فەرمیی خۆی، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەیسبووک) بڵاو کردەوە، تێیدا ڕائید باساک فەرەج ڕەحیم، ئەفسەری نووسینگەی نەھێشتنی تاوانی عەنکاوە ڕای گەیاندووە: "ئاگادار کراینەوە بەبوونی ڕووداوێکی دزی لە یەکێک لە کۆگاکان لە ڕێگای نێوان ھەولێر - گەزنە، ئێمەش گەیشتینە شوێنی ڕووداوەکە و دەستمان بە لێکۆڵینەوەیەکی ورد کرد".

باسی لەوەش کردووە: "دوای کۆکردنەوەی زانیاری لەبارەی ئەم ڕووداوەوە، توانیمان بە ناسنامەی دوو تۆمەتبار بگەین و لە بۆسەیەکدا دەستگیریان بکەین، تۆمەتباران بەناوی (ع، ع، ع) تەمەن 38 ساڵ و (ا، ب، م) تەمەن 28 ساڵ، تۆمەتباران دوای دەستگیر کردنیان دانیان بەتاوانەکەیاندا ناوە، کە ئامێرێکی باڵۆنپرێس و دوو مشار و دوو PVCیان دزی بوو، کە بڕەکانیان بە نزیکەی 35 ھەزار دۆلاری ئەمریکی دەخەمڵێنرێت".

پۆلیسی ھەولێر لە ڕاگەیاندراوەکەدا ئاماژەی بەوەش داوە، کە پەڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ تۆمەتباران ڕێک خرا و ڕەوانەی بەردەم دادوەر کراوە، دادوەریش بڕیاری دا بە بەندکردنی ھەردوو تۆمەتبار بەپێی ماددە 44 لە یاسای سزادانی عێراقی.









باسنيوز
Top