ئاگر لە گۆڕستانیكی كەلار بەر درا

ئاگر لە گۆڕستانیكی كەلار بەر درا
ئەمڕۆ پێنجشەممە 25ی نیسانی 2019 ئاگر لە كۆنترین گۆڕستانی شارۆچكەی كەلاری ناوەندی ئیدارەی گەرمیان كەوتەوە و باس لەوە دەكرێت مار لە گۆڕستانەكاندا بینراوە.

ئیبراهیم محەمەد، بەرپرسی بنكەی بەرگریی شارستانیی كەلار، ئەمڕۆ پێنجشەممە 25ی نیسانی 2019 رايگەیاند؛ "ئەمڕۆ پێنجشەممە ئاگر لە گۆڕستانی كەلاری كۆن كەوتەوە، پاش كەوتنەوەی ئاگرەكەش گۆڕ هەڵكەنان لەكەوتنەوەی ئاگرەكە ئاگاداریان كردینەوە و دەستبەجێ چووین بۆ خامۆشكردنی".

گوتیشی: "هۆكارەكەی نەزانراوە كە كێ ئاگری تێبەر دابێت، بەڵام گژ و گیای زۆر بووە".

ئەوەشی خستە ڕوو: "لەكاتی خامۆشكردنی ئاگرەكەدا خەڵكی هاواری دەكرد بەهۆی زۆربوونی گژ و گیاوە ماری زۆر لە گۆڕستانەكەدا هەیە، بۆیە بە گرنگیان زانی تیمەكانمان ئاگایان لەخۆیان بێت".

ئەمساڵ بەهۆی بارانی زۆر لە گەرمیان گژ و گیایەكی زۆر لە گۆڕستان و دەشتەكاندا بەرز بووەتەوە.










باسنيوز
Top