کونسولی فەرەنسا لە هەولێر: لە کوردستان دۆخێکی لەبار بۆ بازرگانی هەیە

 کونسولی فەرەنسا لە هەولێر: لە کوردستان دۆخێکی لەبار بۆ بازرگانی هەیە
ئەمڕۆ پێنجشەممە 2019.4.25 کۆنفرانسی خاوەندارێتیی هزری لە هەولێر ساز کرا و تێیدا کونسولی فەرەنسا لە وتارێکدا بارودۆخ و ئاسایشی هەرێمی کوردستانی بۆ کاری کۆمپانیا بیانییەکان بە گرنگ وەسف کرد.



لەم کۆنفرانسەدا کە لە نێوان ژووری بازرگانی و پیشەسازیی هەرێمی کوردستان و کونسوولخانەی فەرەنسا لە هەرێمی کوردستان ساز کراوە، دۆمینیک ماس، کۆنسولی فەرەنسا لە وتارێکدا گوتی: "لە هەرێمی کوردستان بارودۆخێکی لەبار بۆ کاکرکردنی کۆمپانیا بیانییەکان ڕەخسێندراوە تاکوو کاری وەبەرهێنان بکەن".



ئاماژەی بەوەش کرد: "دەمهەوێ ئەوەش ڕابگەیەنم کە ئەو کۆمپانیانەی کە دەیانەوێ بێنە هەرێمی کوردستان، دەبێ بزانن کە کەش و دۆخیکی ئارام و سەقامگیر و شیاو هەیە بۆ کاکردن و هاوکات حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش لەمبارەوە هاوکارە و باوەشی ئاوەڵایە".



دۆمینیک ماس، ئاماژەی بەوەش کرد: "حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بواری پاراستنی ئاسایش و ئەمنیەتی ناوچەکەدا سەرکەوتووە، بۆیە قەبارەی کاری بازرگانی لە کوردستان بە بەراوردی وڵاتانی دراوسێ زۆر باشە و ئەمەوێ ئەوەش دووپات بکەمەوە کە هەلی زیاتر ڕەخسێندراوە، بەڵام دەبێ لەوەش وریا بین کە هەندێ ساختەکاری هەیە کە حکوومەت دەبێ کار بۆ بنڕکردنیان بکات، هەرچەند ئەم ڕەوتی ساختەکارییە تەنیا پەیوەست نییە بە کوردستانەوە، بەڵکوو شەپۆلێکی نێودەوڵەتییە و زۆر وڵات ڕووبەڕووی بوونەتەوە".



کونسولی فەرەنسا گوتیشی: "دەبێ حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە جیدی ڕووبەڕووی ساختەکاریی ئابوورییەکان ببێتەوە، کارێکی وا بکات و متمانە بە کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان ببەخشێت تاکوو بە خاترجەمییەوە ڕوو بکەنە بازارەکانی هەرێمی کوردستان و ئەو قەناعەتەیان لەلا دروست بکات کە ئێرە بازاڕیكی شیاو و هەرزانە بۆ کۆمپانیاکان".



ڕاشی گەیاند: "ئەرکێکی دیکەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێداگرییە لەسەر کوالێتیی کۆنتۆرڵ و چاودیریی دەروازە سنوورییەکانیەتی کە ڕێگە نەدرێت کاڵای خراپ و کوالیت نزم و ساختە بهێندرێتە ناو کوردستانەوە".



باسنیوز
Top