ئه‌و منداڵانه‌ی له دایكی ئێزدی و باوكي داعشن كێشه‌ی پێنه‌دانی ناسنامه‌یان هه‌یه
عیدۆ بابه شێخ، ئه‌ندامی جڤاتی روحانی ئێزیدییه‌كان داوای چاره‌سه‌ری كێشه‌ى ئه‌و منداڵانه ده‌كات و له په‌رله‌مانی كوردستانیشه‌وه هه‌وڵ ده‌درێت پرۆژه یاسایه‌ك ره‌وانه‌ی به‌غدا بكرێت بۆ ئه‌وه‌ی په‌رله‌مانی عێراق یاسای باری كه‌سێتی عێراق بكاته‌وه به‌جۆرێك مافی ناسنامه و ڕه‌گه‌زنامه ببخشێته ئه‌و منداڵه ئێزیدیانه‌ی كه به‌هۆی ده‌سترێژی سێكسی چه‌كدارانی داعشه‌وه بۆ سه‌ر دایكانی ئێزیدی له دایك بوون.
له‌كاتێكیشدا بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی یاسایی ئه‌و منداڵه ئێزیدیانه، تا ئێستا چه‌ندین پێشنیاز خراونه‌ته ڕوو، له‌مباره‌شه‌وه بێگه‌رد تاڵه‌بانی، په‌رله‌مانتاری كوردستان ده‌ڵێت، هه‌ولێك له په‌رله‌مانی كوردستانه‌وه هه‌یه بۆ ئاماده‌كردنی پرۆژه بڕیارێك بۆ ئه‌وه‌ی ره‌وانه‌ی به‌غدا بكرێت، تاكو له‌و ڕێگه‌یه‌وه هه‌مواری یاسای باری كه‌سێتی عێراقی بكرێته‌وه، به‌جۆرێك مافی ده‌رهێنانی ناسنامه بدرێته ئه‌و منداڵه ئێزیدیانه‌ی كه به‌هۆی ده‌ستدرێژی چه‌كدارانی داعشه‌وه له‌دایك بوونه.
تا ئێستا نازانرێت ژماره‌ی ئه‌و ژن و منداڵانةی ئێزیدی چه‌نده, كه بوونه‌ته قوربانی ده‌ستدرێژییه سێكسیه‌كانی چه‌كدارانی داعش، به‌ڵام زانیارییه‌كان باس له‌وه ده‌كه‌ن, نزیكه‌ی 3 هه‌زار ئێزیدی كه زۆربه‌یان ژن و منداڵن و پێشتر له‌لایه‌ن چه‌كدرانی داعشه‌وه رفێدرابوون، تا ئێستا چاره‌نووسیان به‌نادیاری ماوه‌ته‌وه و هه‌وڵه‌كانی حكوومه‌تی هه‌رێم بۆ دۆزینه‌وه و ڕزگاركردنيان به‌رده‌وامن.
K24-
