"دەستەیەک بۆ سندووقی داھاتەکانی نەوت و گاز دیاری دەکرێت"

پەرلەمانتارێکی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان پلانێکی پارتیی بۆ چوار ساڵی داھاتوو ئاشکرا کرد و دەڵێ، لە کابینەی نوێدا یەکێک لە ھەنگاوەکانی پارتی دیارکردنی دەستەی بەڕێوەبردنی سندووقی داھاتەکانی نەوت و گاز دەبێت، کە پێشتر لە لایەن پەرلەمانی کوردستانەوە یاسای بۆ دەرکراوە.

بەھمەن کاک عەبدوڵڵا، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "پارتی بەپێی ئەو پلانەی لە کارنامەی لیستەکەیدا بۆ ھەڵبژاردنی ٣٠ی ئەیلوولی ڕابردوو ھاتبوو، لە چوار ساڵی داھاتوودا ھەموو ھەوڵێک بۆ چاکسازی دەدات."

پەرلەمانتارەکەی پارتی بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "کابینەی ھەشت بەرەو تەواوبوون دەچێت و خەریکی پێکھێنانی کابینەیەکی نوێین لە کوردستان. یەکێک لەو پرسانەی لە ھەگبەی پارتیدایە جێبەجێکردنی یاسای سندووقی نەوت و گازە کە لە لایەن پەرلەمانەوە دەرکراوە."

بەھمەن کاک عەبدوڵڵا ڕوونی کردەوە: "لە کابینەی نوێی حکوومەتی ھەرێمی کوردستاندا دەستەی بەڕێوەبردنی سندووقی داھاتەکانی نەوت و گاز دیاری دەکرێت. کابینەی ڕابردوو لەسەر دەستەکە نەگەیشت بە ڕێککەوتن، بەڵام لە داھاتوودا دانانی دەستەی بەڕێوەبردنی سندووقەکە یەکلا دەکرێتەوە، کە ھەموو داھاتەکان لە چوارچێوەی ئەو سندووقەدا کۆ دەکرێنەوە و بە شێوەیەکی زۆر شەفاف مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت."

kdp-
Top