فوئاد سدیق: مووچەی كەمئەندامان خەرج دەكرێت

	 فوئاد سدیق: مووچەی كەمئەندامان خەرج دەكرێت
ماوەی چەند رۆژێكە بەشێكی كەمئەندامان لە بەردەم سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران خێمەیان ھەڵداوە و داوای خەرجكردنی مووچە راگیراوەكان و دابەزاندنی رێژەی كەمئەندامی دەكەن، بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی كاروباری كۆمەڵایه‌تیش دەڵێ، رێژەی كەمئەندامی بۆ ٥٥% دابەزیوە و ئەوانەشی لە لیژنە دەردەچن، مووچەكانیان بۆ خەرج دەكرێت.

فوئاد سدیق، بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی كاروباری كۆمەڵایەتی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند، كاتی خۆی لیژنەی پشكنین بۆ ھەموو كەمئەندامان پێك ھاتبوو، بەڵام دوای راگەیاندنی ئەنجامەكە دیار بوو گلەیی زۆری لێ كەوتەوە و دووبارە بڕیار درا ئەو كەمئەندامانەی سكاڵایان ھەیە، لیژنەی پشكنینیان بۆ دووبارە بكرێتەوە، ئێستاش لیژنەكە ھەیە و لە زۆر ناوچە كۆتایی بە كارەكانی ھێناوە و لە ھەندێ شوێنیش سەرقاڵی پشكنینی كەمئەندامانن.

بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی كاروباری كۆمەڵایەتی دەشڵێت: "رێژەی كەمئەندامی لە ٧٥%ـەوە بۆ ٥٥% دابەزیوە، كەچی هێشتا ھەندێ رێكخراوی كەمئەندامان خۆپیشاندان لە بەردەم سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران دەكەن و باسی دابەزاندنی رێژەی كەمئەندامی دەكەن".

سدیق روونی كردەوە: "ئەو كەمئەندامانەی ئێستا دووبارە پشكنینیان بۆ دەكرێت، ئەگەر ئەنجامەكەی راگەیاندرا و بەپێی یاسا و رێنماییەكان قبووڵ كران، ئەوا بێگومان مووچەكانیان بۆ خەرج دەكرێت و مافی ھیچ كەمئەندامێك نافەوتێت".

دەشڵێ: "وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی بەپێی یاسا مامەڵە لەگەڵ پرسی كەمئەندامان دەكات و ھەر مافێكیان لە چوارچێوەی یاسادا ھەبێت، بۆیان دەستەبەر دەكرێت، بەڵام كەمئەندامێك لە لیژنەی پشكنین رێژەی كەمئەندامییەكەی بە گوێرەی یاسا و رێنماییەكان نەبێت، سوودمەند نابێت".

kdp-
Top