لە پارێزگای دهۆک تونێلێک دروست دەکرێت

لە پارێزگای دهۆک تونێلێک دروست دەکرێت
بڕیارە چیای مەتینی پارێزگای دھۆک بکرێتە تۆنێل و بەڕێوەبەری گشتیی ڕێگاوبانی دھۆکیش زانیاریی لەوبارەیەوە دەخاتە ڕوو،

ئەندازیار خەدیجە محەمەد، بەڕێوەبەری گشتیی ڕێگاوبانی دھۆک بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاندووە: "پێش قەیرانی دارایی بڕیار بوو تونێلێک لە چیای مەتین دروست بکرێت و دیزاینی پڕۆژەکەشمان ئامادە کردبوو، بەڵام دواتر شەڕی داعشی بەسەردا ھات و ڕاگیرا، ئێستا جارێکی دیکە سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیران داوای دیزاینی تۆنێلەکەی کردووە و ئێمەش دیزاینی پڕۆژەکەمان ڕەوانەی سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیران کردووە بۆ پەسەندکردنی."

دەشلێت: "تونێلی چیای مەتین چوار کلیۆمەتر زیاترە و پارێزگای دھۆک بە تورکیاوە دەبەستێتەوە لە ڕێگەی دەروازەی نێودەوڵەتیی سەرزێڕێوە، واتە ڕێگاکە زۆر ئاسان و کەمتر دەکاتەوە بۆ باکووری کوردستان و شارەکانی وڵاتی تورکیا."

ئەوەشی خستە ڕوو، "تونێلی مەتین بە شێوەیەکی سەردەمییانە دروست دەکرێت، مەبەست لە دروستکردنی بۆ دوو ئامانجە، یەکەم ناحیەی کانی ماسی سنوورێکی بەرفراوانی ھەیە و ناوچەیەکی دەوڵەمەندی سنوورییە و پێویستی بە ڕێگایەکی باش ھەیە، دووەم ڕاستە دەروازەی سەرزێڕێ نێودەوڵەتییە، بەڵام بڕیارە بکرێتە بازرگانی و پێویستی بە ڕێگایەکی نزیکی فراوان ھەیە کە بەپێی ستانداردی جیھانی بێت."

ئامژەشی بەوەکرد، کە چاوەڕێی وەڵامی سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیرانن، ھەرکات پارە تەرخانکرا و ڕەزامەندی گەڕایەوە، دەست بە پڕۆژەی تۆنێلی چیای مەتین دەکەن.









باسنيوز
Top