حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڕە پارەیەکی زۆر دابەش دەکات
مەلا یاسین مەحموود، ئەندامی ئەنجومەنی باڵای وەبەرھێنان و گوتەبێژی یەکێتیی وەبەرھێنەرانی کوردستان رايگەیاند، حکوومەت بڕیاری داوە ئەمساڵ سەرجەم قەرزەکانی وەبەرھێنەران بداتەوە، گوتی: «لەدوای قەیرانی دارایی، قەرزی بەڵێندەران بە ئاستێکی بەرچاو دابەزیوە، زیاترلە ٣٠٠ ملیۆن دۆلاریان بۆ خەرج کراوەتەوە».
روونیشی کردەوە، حکوومەت چوار جۆر قەرزی بەڵێندرانی لایە، گوتی: «قەرزی بودجەی پەرەپێدانی پارێزگاکان، قەرزی بودجەی وەبەرھێنان، قەرزی سندووقی نیشتەجێبوون، قەرزی پتڕۆدۆلار».
ئاشکراشی کرد، تاوەکوو ئێستا ئەوەی حکوومەت دەیداتەوە قەرزی بودجەی وەبەرھێنان و پەرەپێدانە، گوتیشی: «تاوەکوو ئێستا قەرزی نیشتیەجێبوون و قەرزی پتڕۆدۆلاری نەداوتەوە، بڕیار وایە تاوەکوو مانگی ٨ی ئەمساڵ، قەزری بەڵێندەران لە جۆری پەرەپێدانی پارێزگاکان و بودجەی وەبەرھێنان کۆتایی پێ بھێنێت و پاکتاوی بکات».
مەلایاسین، دووپاتی کردەوە، بە ٢٠٠ ملیۆن دۆلاری تر قەرزی بودجەی پەرەپێدان و وەبەرھێنان کۆتایی دێت، دەشڵێت: «ئەو ٢٠٠ ملیۆن دۆلارەی تاوەکوو مانگی ٨ دەدرێتەوە، دوای ئەوە تا کۆتایی ساڵ قەرزی سندووقی نیشتەجێبوون ١٠٠ ملیۆن دۆلاری پێویستە بدرێتەوە، بۆ پتڕۆدۆلاریش ١٠٠ ملیۆن دۆلار، بڕیار وایە تا کۆتایی ئەمساڵ ئەم دوو قەرزەش بدرێنەوە».
ئەندامەکەی ئەنجومەنی باڵای وەبەرھێنان، پێی وایە: «بەھۆی ھەوڵەکانی وەزارەتی دارایی و حکوومەت، تواندراوە ئەرکی قورسی سەرشانی وەبەرھێنەران و بەڵێندەران سووک بکرێت و لە ماوەی ٥ مانگدا ٢٠٠ ملیۆن دۆلار بدرێتەوە بەڵێندەران، چەند بەڵێندەرێکیش لە مایەپووچبوون رزگاریان بێت.
مەلا یاسین ئاماژە بەوە دەکات، حکوومەت خەریکە لە دەست قەرزەکانی کەرتی تایبەت رزگاری بێت، پێی وایە، بە رزگاربوون لەو قەرزانە، حکووومەت ھەنگاوی باش بۆ فەرمانبەران دەست پێ دەکات.
باسنيوز
