سەرۆک بارزانی پێشوازیی لە کەلیموڵڵا تەوەحودی دەکات
بەپێی راگەیەندراوێکی بارەگای بارزانی، ئەمڕۆ سێشەممە 23-4-2019 سەرۆک مەسعود بارزانی پێشوازیی لە کەلیموڵڵا تەوەحودی، نووسەر و مێژوونووسی کوردی خوڕاسان، کردووە.
لە دیدارێکدا، سەرۆک بارزانی وێڕای بە گەرمی بەخێرهێنان، سوپاسی مامۆستا کەلیموڵڵا تەوەحودی کردووە لە بەرامبەر ”هەوڵ و ماندووبوونەکانی بۆ نووسینەوەی مێژووی بەشێکی گرینگی گەلی کورد“.
هەروەک لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، سەرۆک بارزانی ستایشی هەوڵەکانی ئەو نووسەرەی لە ”زیندووڕاگرتنی هونەر و کەلتوری کوردی خۆراسان“ کردووە و هیوای سەرکەوتنی زیاتری بۆ ئەو مێژوونووسەی کورد خواستووە.
لە دیدارەکەدا، کەلیموڵڵا تەوەحودی رایگەیاندووە، کە بە دیداری سەرۆک بارزانی، بە ”گەورەترین ئاواتی ژیان“ی گەیشتووە و کورتەیەکی لەسەر مێژووی کوردی خۆراسان و سەرجەم کتێب و نووسینەکانی خۆی لە بواری مێژوو، ئەدەب، هونەر و دۆخی ئێستای ئەو بەشەی گەلەکەمان لەو ناوچەیە خستووەتە روو.
