فواد حوسێن، وەزیری دارایی عێراق: لەم ڕۆژانەدا ٦٨ ملیار دینار بۆ هەرێمی کوردستان دەنێردرێت

فواد حوسێن، وەزیری دارایی عێراق:  لەم ڕۆژانەدا ٦٨ ملیار دینار بۆ هەرێمی کوردستان دەنێردرێت
بەرپرسی ڕاگەیاندن و ڕۆشنبیریی وەزارەتی پێشمەرگەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ڕوونکردنەوەی لەبارەی ناردنی چوار مووچەی پێشمەرگە بە یەکەوە دا و ڕەتی کردەوە کە هەر چوار مووچەکە بەیەکەوە دابەش بکرێت.



پاش ئەوەی دوێنێ دووشەممە ٢٢ی نیسانی ٢٠١٩، فواد حوسێن، وەزیری دارایی عێراق ڕای گەیاند کە واژۆی لەسەر خەرجکردنی چوار مووچەی پێشمەرگە بۆ مانگەکانی ١ و ٢ و ٣ و ٤ داوە کە بڕەکەی ٦٨ ملیار دیناری مانگانەیە و لەم ڕۆژانەدا پارەکە بۆ هەرێمی کوردستان دەنێردرێت.



لەمبارەیەشەوە لیوا بابەکر فەقێ، بەرپرسی راگەیاندنی و رۆشنبیریی وەزارەتی پێشمەرگە ڕوونی کردەوە کە میکانیزمی دابەشکردنی ئەو مووچەیە ”پێویستی بە ڕوونکردنەوە هەیە“.



ئاماژەشی بەوە کرد: ”چوار مووچە بەیەکەوە دابەش ناکرێت، بەڵکوو چوار مووچە دیاری کراوە لەسەر بودجەی حکوومەتی عێراق بۆ سەر وەزارەتی پێشمەرگە، ئەوەش بەپێی مانگانە دەدرێت و مانگانە ھەژمار دەکرێت، لەوە دەچێت لە مانگەکاندا ١٠ رۆژ مووچە پێش بخرێت، واتە لەجیاتی ٣٠ رۆژ، هەر ٢٠ رۆژ مووچەیەک دەدرێت تا دەگاتە قۆناغی خۆی".



لیوا بابەکر بە نموونەوە ڕوونی کردەوە: ”بۆ نموونە لە مانگی چواردا هەتا ٢٥ی مانگ مووچە دابەش دەکرێت، پێشتر ١٠ رۆژ چاوەڕێ دەکرا و لە ٥ی مانگ دەست پێ دەکرا، واتە ١٠ ڕۆژەکە دەڕۆشت ئینجا مووچە دابەش دەکرا، بەڵام ئێستا ١٠ رۆژ دەمێنێت و مووچە دابەش دەکرێت“.



سەرەڕای ئەو زانیارییانەی بەرپرسەکەی وەزارەتی پێشمەرگە، تاوەکوو ئێستا وەزارەتی دارایی بە فەرمی هیچ زانیارییەکی لەبارەی چۆنیەتیی دابەشکردنی مووچەی پێشمەرگە لە دوای هاتنی بڕە مووچەی دیاریکراو لە بەغداوە ئاماژە پێ نەکردووە.






باسنیوز
Top