نێچیرڤان بارزانی: دواجار لایەنەکان هەر دەبێت ڕێک بکەون

نێچیرڤان بارزانی: دواجار لایەنەکان هەر دەبێت ڕێک بکەون
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، دواکەوتنی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی بە ”ئاسایی“ لە قەڵەم دا و ڕای گەیاند کە دواجار لایەنەکان هەر دەبێت ڕێک بکەون. دڵنیایی دڵخۆشکەریشی بۆ خەڵکی کوردستان لەبارەی ئایندەوە ڕاگەیاند.

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە میانی وتارێکی لە چوارچێوەی خەڵاتکردنی ئەدیب و ڕۆشنبیریێکی کورددا، باسی لە پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کرد و ڕای گەیاند کە زیاتر لە ٦ مانگە هەڵبژاردن لە کوردستان کراوە، پێکهاتنی حکوومەت دواکەوتووە، ”هەمووان دڵنیا دەکەمەوە کە هەر دەبێت دواجار لایەنەکان بگەنە ڕێککەوتن“.

ئەوەشی نەشاردەوە کە ”دەبێ وانەزانین کە دیموکراسی کێشەی نییە، بەڵکوو ئەوەی کەمی هێناوە و زۆریشی هێناوە، لە دیموکراسیدا وەکوو یەک قسە دەکەن و مافیان هەیە. ئەم دواکەوتنە ئاساییە و بەرژەوەندیی هەرێمی کوردستان دەخوازێت کاتی تەواو بە پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەت بدرێت“.

ڕوونیشی کردەوە، ئەوان دەیانەوێ سەقامگیریی سیاسی، کۆمەڵایەتی، تەبایی و ئاشتەوایی و خۆشگوزەرانی بۆ کوردستان هەبێت. دەیانەوێت لایەنە سیاسییەکان، بەتایبەتیش لایەنە سەرەکییەکان، بەشداریی لە حکوومەتدا بکەن و پێکەوە کار بکەن بۆ ئەوەی کوردستانێکی بەهێز و دواڕۆژێکی گەشتر بونیاد بنێین.

نێچیرڤان بارزانی جەختی کردەوە: ”بۆمان گرنگە یەکڕیزی و تەبایی ناوخۆییمان هەبێت، هەوڵدەدەین گرژی و ناتەبایی لە داهاتوودا ڕوونەدەنەوە، دڵنیابن ڕۆژانی خۆشتر چاوەڕێی کوردستان دەکەن و هەموومان بە گەشبینییەوە سەیری داهاتوو دەکەین“.









باسنيوز
Top