نێچیرڤان بارزانی: زمانی کوردی نیشتمانی دووەمی ئێمەیە و دەبێ بیپارێزین

نێچیرڤان بارزانی: زمانی کوردی نیشتمانی دووەمی ئێمەیە و دەبێ بیپارێزین
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، کە زمانی کوردی نیشتمانی دووەمی گەلی کوردستانە و پێویستە هەموولایەک هەوڵی پاراستنی بدات.

ئەمڕۆ دووشەممە 22-4-2019، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە وتارێکی لە رێوڕەسمی رێزلێنانی ئەکادیمیای کوردی لە کەلیموڵڵا تەوەحودی، نووسەری ناوداری کورد لە خوڕاسان پێشکەش کرد.

نێچیرڤان بارزانی وێڕای بەخێرهێنانی کەلیموڵڵا تەوەحودی بۆ هەرێمی کوردستان، رایگەیاند، ھەولێر و ھەرێمی کوردستان و حکوومەتی ھەرێمی کوردستانیش شانازی بە سەردانی مامۆستا تەوەحودی دەکەن، ”ھەموومان شانازی بە خەباتی ڕۆشنبیری و ھونەریی مامۆستا تەوەحودی دەکەین لەپێناو داھاتووێکی گەشتر بۆ گەلی کوردستان“.

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەستخۆشیی لە ئەکادیمیای کوردی کرد، بۆ بانگهێشتکردن و خەڵاتکردنی ئەو نووسەرە کوردە و رایگەیاند، ئەو رێوڕەسمە ”ڕووداوێکە لە کاتی خۆی و لە شوێنی خۆی دایە“.

نێچیرڤان بارزانی بە ئاماژەکردن بەوەی ئەمڕۆ رۆژی رۆژنامەگەریی کوردییە، پیرۆزبایی لە رۆژنامەنووسانی کوردستان کرد و سڵاوی بۆ میقداد مەدحەت بەدرخانی دامەزرێنەری یەکەم رۆژنامەی کوردی (کوردستان، 1898) و گەورە رۆژنامەنووسانی وەک پیرەمێردی نەمر، حوسێن حوزنی موکریانی، دارا تۆفیق، ساڵح یوسفی، شاکر فەتاح و موسا عەنتەر نارد.

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان مانەوەی گەلی کوردستان بە پێکەوەژیانی ئاینی، نەتەوەیی و مەزهەبی بە ”گەورەترین شانازیی“ گەلی کوردستان دانا و ”کورد لە ھەر کوێیەک بێت، ھەر بۆ یەک ئامانج و یەک داھاتوو درێژە بە ژیانی دەدات“.

هەروەک نێچیرڤان بارزانی رایگەیاند، هۆکارە سەرەکییەکانی مانەوەی گەلی کودردستان سەرەڕای هەموو نەهامەتی و دەردەسەرییەکان، ” زمان و دابونەریتی کوردەواری“ن، کە ناسنامەی گەلن و بە پێویستیشی زانی رۆشنبیران و لاوانی ئێستای کوردستان لە کەلیموڵڵا تەوەحودی فێر بن، کە

”تەنیا زمان و ناسنامە و کەلتوور ئێمەیان لە دونیا پاراستووە و گەلی کورد لە خوراسانیش تاکە بەڵگەیە بۆ راستیی ئەو قسەیە“.

بە ئاماژەکردن بە گرنگیی پاراستنی زمانی کوردی لەلایەن رۆژنامەنووسان و رۆشنبیرانەوە، نێچیرڤان بارزانی رایگەیاند، ”ھەستی بەرپرسیاری لای تاکی خوێندەوار مەرجی یەکەمە بۆ زمانی کوردی، بۆ نموونە، ئێمە چەندین شاعیری گەورەی وەک ھەژار، ھێمن، حەسەن قزلجی، مەسعود محەمەد و چەندان کەسی دیکەمان ھەیە، ھەروەھا لە کورمانجیی سەروو کەسانی وەک ئەمینی عەبدال، جگەرخوێن، عەرەبی شەمۆ، محەمەد ئۆز و چەندانی دیکەمان ھەیە. ھەروەھا لە شێوەزاری ھەورامی شاعیرانی گەورەی وەک مەولەوی و خانای قوبادیمان ھەیە بۆ پاراستنی زمانەکەمان، لاوان دەبێت ئەوانە بکەنە ڕێبەری خۆیان و زمانی کوردی بکەنە سەرچاوەی زمانی خۆیان“.

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە پێویستی زانی ئەکادیمیای کوردی و نووسەر و رۆشنبیرانی کورد هەوڵی زیاتر بۆ پاراستنی زمانی کوردی بدەن، ”دەبێ ڕۆژانە موژدەمان بدەنێ، کە زمانی کوردی لە گەشەکردندایە“، چونکە ”زمان نیشتمانی دووەمی ئێمەیە، تەنانەت ئەو کوردەی نیشتمانی یەکەمیشی ون دەکات، دەتوانێت بە نیشتمانی دووەمی وەک مرۆڤێکی سەربەخۆ بژیت، نموونەش کوردانی خوراسانن کە مامۆستا تەوەحودی نوێنەریانە“.

نێچیرڤان بارزانی سڵاوی بۆ هەموو کوردانی خوڕاسان و هەر کوردێک لە هەر کوێیەکی دونیا بێت نارد و بەڵێنی چاپکردنی هەموو کتێب و بەرهەمەکانی مامۆستا کەلیموڵڵا تەوەحودیشی دا.










باسنيوز
Top