لە مەریوان کچێكی گەنج کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا

لە مەریوان کچێكی گەنج کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا
کچێکی گەنجی خەڵکی مەریوان بەهۆی کێشەی خیزانییەوە کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.

بەپێی هەواڵی رێكخراوی (هەنگاو) بۆ مافەکانی مرۆڤ، دوێنێ یەکشەممە 2019.4.21 کچێكی تەمەن ١٨ ساڵی خەڵکی مەریوان بە ناوی "دڵنیا رەحمانی" بەهۆی کێشەی خێزانییەوە بە چەکی ڕاو کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.

بە گوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، دڵنیا دەزگیراندار بووە و بەهۆی کێشەی بنەماڵەییەوە کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە، ئەو کچە پێشتریش دووجار ژیانی هاوبەشی پێکهێناوە.

بەپێی هەمان سەرچاوە ئەو کچە بە کەڵک وەرگرتن چەکی تاپڕ خۆی کوشتووە.

بەپێی یاسا و پێوەرەکانی ڕێکخراوی منداڵانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان هەموو کەسێک هەتا تەمەنی 18 ساڵ بە منداڵ دێتە ئەژمار و دەبێ لالایەن حکوومەت و دەسەڵات و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤەوە پشتگیرییان لێ بکرێت و نابێ بە زۆرەملێ و لەژێر زەخت و گوشارێکدا بە مێرد بدرێن، چونکە بەپێی پێوەرە زانستییەکان بە منداڵ دێنە ئەژمار و لەڕووی پێگەیشتنی ئەقڵییەوە کامڵ نەبوون.

ساڵانە لە ئێران بە دەیان کچی کەم تەمەن بەهۆی کولتووری زاڵی بنەماڵەیی و عەشیرەیی بە نایاسایی بە مێرد دەدرێن و لە زۆر حاڵەتیشدا لەژێر زەختی بنەماڵەدا ئەو کچانە دەدرێنە کەسانێک کە زیاتر لە دوو دەیە لە خۆیان بەتەمەنترن.

بەپێی ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئاماری ڕێکخراوی هەنگاو لە سەرەتای ساڵی 2019ەوە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان سێ کچە مێرمنداڵ خۆیان کوشتووە.











باسنيوز
Top