بە بڕیاری حکوومەتی عێراق بەرپرسێکی دیکەی کورد لە پۆستەکەی لادرا

بە بڕیاری حکوومەتی عێراق بەرپرسێکی دیکەی کورد لە پۆستەکەی لادرا
بە بڕیارێکی حکوومەتی عێراق، بەڕێوەبەری ئاوی کەرکووک بە وەکالەت کە کەسێکی کوردە، لەپۆستەکەی لادرا و کەسێکی شیعەمەزهەب لە شوێنەکەی دانرا.

بە فەرمانی حکوومەتی عێراق، جیهان ئیبراهیم، بەڕێوەبەری ئاوی کەرکووک بە وەکالەت کە کوردە، لە پۆستەکەی لادراوە، لە جێگەشیدا تورکمانێکی شیعەمەزهەبی لە جێگە داناوە.

لەمبارەیەوە فواد کوێخا، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک ڕايگەیاند، ئەوان لە ڕاگەیاندنەکانەوە بڕیاری لادانەکەیان بیستووە و ”ئاگاداری هیچ شتێک نەبووین“.

جەختیشی کردەوە کە ئەوان دژی بڕیارەکەن، چونکە پێیانوایە هەوڵێکە بۆ کەمکردنەوەی هەژموونی کورد لە پارێزگاکە.

ئەندامەکەی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک ئاماژەشی بەوە کرد کە لە دوای خیانەتی ١٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧ەوە، بە فەرمی حکوومەتی عێراقیان لەوە ئاگادار کردووەتەوە کە هەموو گۆڕانکارییە ئیدارییەکانی شارەکە ڕابگرن، تاوەکوو دۆخەکە ئاسایی دەکرێتەوە، بەڵام ”نووسراوەکەمان سڕ کراوە و هیچ وەڵامێکمان نەدراوەتەوە“.

لادانی ئەو بەرپرسە کوردە، بەشێکە لە سیاسەتەکانی دوای داگیرکردنی کەرکووک لەلایەن هێزەکانی عێراق و میلیشیاکان، تاوەکوو ئێستاش دەیان بەرپرسی کورد لە شارەکەدا، بەبێ هیچ پاساوێک، پۆستەکانیان لێ وەرگیراوەتەوە و عەرەب یان تورکمانی شیعەمەزهەبیان لە جێگەدا دانراوە.










باسنيوز
Top