"لە ھەولێر پێشانگەیەکی تایبەت بە بیناسازی و وزە بەڕێوە دەچێت"
عەبدوڵڵا عەبدولڕەحیم، سەرپەرشتیاری پێشانگەی نێودەوڵەتیی ھەولێر ئاشکرای کرد: "بڕیارە ڕۆژی دووشەممە، ٢٢ی نیسان، پێشانگەیەکی نێودەوڵەتی بۆ بیناسازی و وزە لە هەولێر بەڕێوە بچێت کە تێیدا ٢٠٠ کۆمپانیای ناوخۆیی و بیانی لە پازدە وڵاتی جیھانەوە بەشداری دەکەن. پێشانگەکە بۆ ماوەی چوار ڕۆژ بەردەوام دەبێت و پێنج وڵاتی عەرەبی و شەش وڵاتی ئەوروپی و وڵاتانی دەوروبەر و چین و تایوانیش بەشداریی تێدا دەکەن."
سەرپەرشتیاری پێشانگەی نێودەوڵەتیی ھەولێر بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت: "پێشانگەکە تایبەتە بە کەرتی بیناسازی و وزە و ھەموو کۆمپانیا بەشدارەکان بەرھەمی خۆیان نمایش دەکەن و، لەگەڵ پێشانگەکە ڕۆژانە لە نێوان کۆمپانیاکانی ھەرێمی کوردستان و کۆمپانیا بیانییەکاندا کۆنفرانس بەڕێوە دەچێت."
عەبدوڵڵا عەبدولڕەحیم ڕوونی کردەوە: "لە پێشانگەی ئەم جارەدا بۆ یەکەم جار ٢٢ کۆمپانیای وڵاتی سعوودیە بەشداری دەکەن، ئەمە دەرفەتێکی باشە، چونکە سعوودیە بۆ جاری یەکەمە لەو جۆرە پێشانگەیەدا بەشداریی کارای دەبێت."
عەبدوڵڵا عەبدولڕەحیم گوتیشی: "پێشانگەکە لەژێر چاودێریی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستاندا بەڕێوە دەچێت و ژمارەیەک شاندی گرینگی ئێران و تورکیا و عێراقیش لە ڕۆژانی بەڕێوەچوونیدا سەردانی پێشانگەکە دەکەن."
kdp-
