لە سنووری سلێمانی ماراسۆنێکیش بووە قوربانیی ململانێی سیاسی
لێژنەی سەرپەرشتیاری ماراسۆنی گەرمیان، لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕای گەیاندووە: "بڕیاربوو ئەمڕۆ لە ڕۆژی وەرزشی کوردستاندا چالاکییەکی وەرزشی لە گەرمیان ئەنجام بدرێت، کە ڕاکردنێکی ماوە درێژ بوو بۆ کوڕان و کچانی گەرمیان، ئەمەش بە ئامانجی دڵخۆشکردنی وەرزشکاران، بەڵام بەھۆی تێکەڵکردنی چالاکییەکە بە ململانێی سیاسی کە خۆی لەبنەڕەتدا دوور و نزیک ھیچ پەیوەندیەکی بەسیاسەتەوە نییە، بڕیارمان دا ئەو چالاکییە دوا بخرێت و خۆمان و وەرزش تێکەڵ بەو ململانێیە نەکەین".
ئاماژە بەوەش دراوە: "لەلایەکی دیکەوە سستیی یەکە وەرزشییەکانی سلێمانی و سنوورەکەمان لەناو حکوومەت و لێژنەی ئوڵمپی بە ئاگا ھێنایەوە لە خەوێکی قووڵ".
لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەدا باس لەوەش کراوە: "بەباشمان زانی چالاکییەکە بەدوور بگرین لە ھەر ڕووداوێکی نەخوازراو، ئەمەش وای کرد سەلامەتیی وەرزشکاران لەبەرچاو بگرین".
لێژنەی سەرپەرشتیاری ماراسۆنی گەرمیان ئەوەشی خستووەتە ڕوو: "ھیوادارین بەرپرس و یەکە وەرزشییەکانی سلێمانی و سنوورەکە کەمێک بەخۆیاندا بچنەوە و بە ئاگا بن لە خەمی وەرزشیی ناوچەکە، ھەروەھا داوای لێبوردن لە یەکە بەیەکەی ئەو کەسانەش دەکەین، کە ناویان تۆمار کرد و خۆیان بۆ ماراسۆنەکە ئامادە کردبوو".
باسنيوز
