خاوەنی بیرۆکەی دابەشکردنی عێراق خۆی بۆ سەرۆکایەتیی ئەمریکا کاندید دەکا

خاوەنی بیرۆکەی دابەشکردنی عێراق خۆی بۆ سەرۆکایەتیی ئەمریکا کاندید دەکا
جۆ بایدن، سیاسەتمەدار و جێگری سەرۆکی پێشووی ئەمریکا، بە نیازە خۆی بۆ سەرۆکایەتیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە ساڵی داھاتوو کاندید بکات.

بە پێی چەند سەرچاوەیەکی نزیک لە بایدن کە بۆ ئاژانسی ھەواڵە جیھانییەکان قسەیان کردووە، ئەم سایسەتمەدارە ئەمریکییە لەوانەیە چوارشەممەی داھاتوو کاندیدبوونی خۆی لە لیستی دیموکراتەکانی ئەمریکا ڕابگەیەنێت.

جۆ بایدن کە پێشتریش چەند جارێک بەشداریی کێبڕکێی سەرۆکایەتی کردووە، بە خاوەنی بیرۆکەی دابەشکردنی عێراق دەناسرێت. ئەو پێشتر ئەم بیرۆکەیەی خستبووە ڕوو کە عێراق بەو سیستەمی حوکمڕانییەی ئێستا ناتوانێت کێشەکانی چارەسەر بکات.

بە بۆچوونی بایدن، دابەشکردنی عێراق بەسەر سێ ھەرێمی فیدڕاڵیی کوردستان و سوونە و شیعەدا، دواجار دامەزراندنی سیستەمێکی (لامەرکەزی) بۆ عێراق، چارەسەری کێشە بەردەوامەکانی ئەو وڵاتە دەکات.

تا ئەم ساتە، بایدن خۆی ھیچ ڕاگەیەنراوێکی فەرمی بڵاو نەکردووەتەوە. ئەو تەنھا ھەفتەی ڕابردوو ئاماژەی بەوە دا کە لە کاتێکی گونجاو و دوای گەیشتنە ئەنجامی کۆتایی لەسەر ئەم بابەتە، قسە دەکات.

ئەمە لە کاتێکدایە کە کەناڵی ھەواڵی (CNN)ی ئەمریکی ئاشکرای کردووە، تیمی جۆ بایدن ماوەی چەند مانگێکە ڕێکارەکانیان گرتووەتە بەر و ئامادەکاری بۆ بەشداریی ئەم سیاسەتمەدارە لە ھەڵبژاردنەکان دەکەن.

جۆ بایدن پێشتر چەندانجار سەردانی هەرێمی کوردستانی کردووە و لەگەڵ سەرۆک بارزانی و بەرپرسانی باڵای هەرێمی کوردستان کۆبووەتەوە.











باسنيوز
Top