نارنجۆكێك هه‌ڵده‌درێته‌ ناو كۆمیته‌ی یه‌كێتی له‌ قه‌ره‌ته‌په‌

نارنجۆكێك هه‌ڵده‌درێته‌ ناو كۆمیته‌ی یه‌كێتی له‌ قه‌ره‌ته‌په‌
دواى ئه‌وه‌ی یه‌كێتی ره‌زامه‌ندی حكوومه‌تی عێراق و لایه‌نه‌ ئه‌منییه‌كانی پارێزگای دیاله‌ی وه‌رگرت بۆ كردنه‌وه‌ی كۆمیته‌كه‌یان له‌ قه‌ره‌ته‌په‌، ده‌ستیان به‌ پاككردنه‌وه‌ی باره‌گاكه‌ كرد، به‌ڵام ئه‌مڕۆ نارنجۆكێك هه‌ڵدرایه‌ ناو باره‌گاكه‌.

گه‌رمیان رایگه‌یاند، باره‌گای كۆمیته‌ی یه‌كێتی له‌ ناحیه‌ی قه‌ره‌ته‌په‌ی قه‌زای خانه‌قین له‌ پارێزگای دیاله‌، دوای 16ی ئۆكتۆبه‌ری 2017 چۆڵكرابوو، به‌ڵام ئه‌مڕۆ ده‌ستكراوه‌ به‌ پاككردنه‌وه‌ی شوێنه‌كه‌.

ئاشكراشی كرد، دوای پاككردنه‌وه‌ی باره‌گاكه‌، نارنجۆكێك هه‌ڵدراوه‌ته‌ ناو باره‌گاكه‌ و تا ئێستاش نازانرێت ئه‌نجامده‌رانی كێن.

برایم عه‌لی، به‌رپرسی كۆمیته‌ی قه‌ره‌ته‌په‌ی یه‌كێتی، راگه‌یاند، سه‌ره‌ڕای وه‌رگرتنی ره‌زامه‌ندی بۆ كردنه‌وه‌ی باره‌گاكه‌ی كۆمیته‌كه‌، به‌ڵام ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌، 18ی نیسان/ ئه‌پریلی 2019، نارنجۆكێك هه‌ڵدراوه‌ته‌ ناو باره‌گاكه‌.

به‌ گوێره‌ی زانیارییه‌كان، هیچ زیانێكی گیانی له‌ رووداوه‌كه‌دا نه‌كه‌وتووه‌ته‌وه‌ و هێزه‌ ئه‌منییه‌كانیش ده‌ستیان به‌ لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ رووداوه‌كه‌ كردووه‌.
k24 -
Top