عێراق لیوایەکی دیکە سەربازی بۆ سەنتەری خانەقین ڕەوانە دەکات

عێراق لیوایەکی دیکە سەربازی بۆ سەنتەری خانەقین ڕەوانە دەکات
بەرپرسێکی پارتی ڕای دەگەیەنێت، وەزارەتی بەرگریی عێراق لیوایەکی دیکەی سەربازیی ڕەوانەی سەنتەری شاری خانەقین دەکات و بڕیارە لە بارەگای لقی ١٥ی پارتی کە داگیر کراوە، جێگیر بکرێن.

شێخ جەعفەر مستەفا، بەرپرسی لقی ١٥ی پارتی ڕايگەیاند: "بڕیارە ٢\٤\٢٠١٩ وەزارەتی بەرگریی عێراق لیوایەکی دیکەی سەربازی ڕەوانەی سەنتەری شاری خانەقین بکات، پێشوەختەش ڕێککەوتنێک لە نێوان ئەو لیوایە و حەشدی شەعبیدا کراوە، بۆ ئەوەی حەشد بارەگای لقی ١٥یان بۆ چۆڵ بکات و ئەوان بێنە ناو لقەوە".

بەرپرسەکەی پارتی ئاشکراشی کرد: ”هاتنی ئەو لیوایە جارێکی دیکە بشێوی دروست دەکات، جیا لەوەش هاتنی ئەو هێزە کارێکی باش نییە".

ئەوەشی خستە ڕوو: "پێشتر لێژنەیەکی هاوبەش لە نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگریی عێراق دروست کراوە، لێژنەکەش ڕاپۆرتی خۆی ئامادە کردووە و ناوچەکانیان دیاری کردووە، بۆ ئەوەی هێزی هاوبەشیان تێدا دابنرێت، کەچی لەملاوە هێزی سەربازی دەنێردرێتەوە، خەڵکی ئێمە داوای گەڕاندنەوەی هێزی پێشمەرگە دەکەن".

ڕوونیشی کردەوە ئێستا هێزەکانی "حەشدی شەعبی، بەدر، سەدر و پۆلیسی فیدراڵی" لەناو خانەقیندا بارەگایان هەیە".











باسنيوز
Top