مستەفا چاوڕەش: پارتی و یەکێتی ڕێکدەکەون و کۆبوونەوەکەی سبەی بەدڵی خەڵک دەبێت

مستەفا چاوڕەش: پارتی و یەکێتی ڕێکدەکەون و کۆبوونەوەکەی سبەی بەدڵی خەڵک دەبێت
سەرکردەیەکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئاشکرای کرد کە ئەنجامی کۆبوونەوەکەی سبەی چوارشەممە ٢٧ی ئاداری ٢٠١٩ی نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، ”بە دڵی خەڵکی دەبێت“.

بڕیارە سبەی چوار شەممە، دوا کۆبوونەوە لە نێوان هەردوو شاندی پارتی و یەکێتی بکرێت و تێیدا بابەتی بەشداریکردنی یەکێتی لە کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و پۆستەکانیان قسەی لەسەر بکرێت.

لەمبارەیەوە مستەفا چاوڕەش، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتی، ڕايگەیاند: ”ھەرچەندە من ئەندامی شاندی دانووستکاری یەکێتی نیم، بەڵام سبەی شاندەکان کۆدەبنەوە و تەمەنا دەکەم ئەو کۆبوونەوەیە دەستکەوتی باشی ھەبێت و ھۆکارێک بێت بۆ ئەوەی یەکێتی و پارتی بتوانن کێشەکان چارەسەر بکەن".

بەپێویستیشی زانی لەو کۆبوونەوەیەدا گفتوگۆی جددی لەبارەی چارەسەرکردنی کێشەکان بکرێت، چونکە ”پێکھێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دواکەوتووە و خەڵکی چاوەڕێی ئەوە دەکەن کە ئەم حکوومەتە پێکبھێنرێت، بۆ ئەوەی کێشەی خەڵکی چارەسەر بکرێت".

هاوکات گەشبینیی خۆی بەوە دەربڕی کە پارتی و یەکێتی دەگەنە ڕێککەوتن و گوتی: ”وەک خۆم گەشبینم بەوەی پارتی و یەکێتی دەگەنە ڕێککەوتن و کۆبوونەوەکەیان بە دڵی خەڵکی دەبێت و خەڵکی کوردستان بە چارەسەرکردنی کێشەکان دڵخۆش دەبن".












باسنيوز
Top