چەند پەرلەمانتارێکی کورد كە باڵی خیانەتكارانن، لە بەغدا پێشنیازی خراپ دژی قووتی خەڵکی کوردستان دەخەنە ڕوو
بەڵام بەپێی زانیارییەکان، ھەولێر و بەغدا ھەنگاوی باشیان بۆ رێککەوتنی کۆنکرێتی سەبارەت بە پرسی نەوت و غاز ناوە و کۆتایی ئەمساڵیان وەکوو سەقفێکی زەمەنی بۆ رێککەوتنەکەیان دیاری کردووە، کە لەسەر بنەمای ئەو رێککەوتنە، ساڵانە بەبێ کێشە بەشە بودجەی کوردستان دیاری دەکرێت و دەنێردرێت.
لە کۆبوونەوەی ٨ی ئاداری ئەمساڵ، ئەنجومەنی وەزیرانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بڕیاری دا، بە ڕاسپاردنی ئەنجومەنی ھەرێمی بۆ کاروباری نەوت و غاز، کە دەست بکەن بە دانوستان و گفتوگۆی جدی لەگەڵ حکوومەتی عێراق، بڕیارەکەش بەپێی ئەو کۆنووسەی لەبەردەستی (باس)دایە بەو جۆرەیە کە لە ساڵی ٢٠١٩دا چارەسەری ڕیشەیی بدۆزرێتەوە بۆ ھەموو دۆسێ ھەڵپەسێردراوەکانی پەیوەندیدار بە دارایی و نەوت لەنێوان ھەولێر و بەغدا.
ھەر بەپێی زانیارییەکان، ھەرێمی کوردستان دۆسێ دەستووری و یاسایی و دۆسێکانی پەیوەندیدار بە قەرزەکانی ھەرێمی کوردستانی لەسەر بەغدا ئامادە کردووە، کە ئامانجیەتی لەسەر دۆسێی نەوت و بودجە ڕێککەوتنی کۆنکرێتی لەگەڵ بەغدا بکات، بۆ ئەوەی ساڵانی داھاتوو ئەو ڕێککەوتنە بکرێتە بناغەیەکی کۆنکرێتی.
ھەروەھا ھەرێمی کوردستان دەیەوێ لەسەر بنەمای ئەو رێککەوتنەش یاسای نەوت و غازی عێراق لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئامادە بکرێت، کە بە شێوەیەک بێت ماف و دەسەڵاتە دەستوورییەکانی ھەرێمی کوردستانیشی تێدا جێگیر کرابێت، کە ئەوەش گەرەنتیی چارەسەری ڕیشەیی کێشەکانی پەیوەست بە نەوت و دارایی کوردستان دەکات.
لای خۆشیانەوە، سەرچاوەیەکی ئاگەدار لە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، پەیوەست بەو پرسە ئاشکرای کرد، بەم نزیکانە شاندی باڵای ھەرێمی کوردستان بۆ پرسی ئەو رێککەوتنە کۆنکرێتییە، کە ھەنگاوی باشی بڕیوە، سەردانی بەغدا دەکات.
بەڵام لەپاڵ ئەو ھەوڵەی ھەرێمی کوردستان بۆ ئەنجامدانی رێککەوتنی کۆنکرێتی لەسەر ئەو پرسە، گرووپێک لە پەرلەمانتارانی کورد، کە پێشتریش ھەندێکیان دەستیان ھەبووە لە بڕیارە خراپەکانی حکوومەتی پێشووی عێراق، کە سەرجەمیان دواتر لەلایەن حکوومەت و پەرلەمانی ئێستای عێراقەوە رەت کرانەوە، دەستیان بە جووڵە کردووە و بە گوێی ھەندێ لە پەرلەمانتارانی عەرەبی نزیک لە خۆیان خوێندوویانە، کە بۆچی بەبێ رادەستکردنی نەوت پارە بۆ کوردستان دەنێرن.
لەمبارەیەوە، بڵێسە جەبار فەرمان، پەرلەمانتاری یەکێتی لە بەغدا، بە ئاشکرا لە ئەکاونتی تایبەتیی خۆی لە (فەیسبووک) نووسیویەتی: “ماوەی ٣ مانگە حکوومەتی عێراق مووچە و بودجەی ھەرێمی کوردستان دەنێرێت، بێ ئەوەی لەبەرامبەردا یەک تەنەکە نەوت ڕادەستی سۆمۆ کرابێت”.
ئەو پەرلەمانتارەی یەکێتی، بەبێ ئەوەی باس لەو بڕگەیە بکات کە بەبێ رادەستکردنی نەوت، عێراق مانگانە دەبێ مووچەی فەرمانبەرانی کوردستان بە بڕی ٥٢٢ ملیار دینار بنێرت، ئاماژەی تەنیا بەو ماددەیەی بودجە داوە، کە تیایدا ھاتووە، کە ھەرێم دەبێ رۆژانە ٢٥٠.٠٠٠ بەرمیل نەوت ڕادەستی سۆمۆ بکات، ھەر خۆیشی نووسیویەتی: “ھەرێم نیازی پابەندبوونی نییە”.
ھەر خۆیشی وەڵامی داوەتەوە و نووسیویەتی: “ڕاستە کە مووچەی فەرمانبەران بە بڕگەیەکی جیاواز لەناو بوجەدا جێ کراوەتەوە، بەڵام ھەموو دەبێت ئەو راستییە بزانن، کە ئەوەش قابیلی ئاڵوگۆڕە و بەھانە ھەیە کە رابگیرێت”.
نووسیویەتی: “ئەگەر ھاتوو واژووی بۆ کۆ کرایەوە، دەتوانرێت دووبارە بھێنرێتەوە ناو پەرلەمان و ئاڵۆگۆڕ بەسەر ئەو بڕگەیەدا بھێنن و رایبگرن”.
ھاوکات، عارف قوربانی، چاودێری سیاسی، ھەر لەو تۆڕە کۆمەڵایەتیە وەڵامی داوەتەوە و نووسیویەتی: “دونیایەکی سەیرە تا دوو ھەفتە پێش ئێستا خۆیان دەکرد بە پاڵەوانی ئەو دەستکەوتەی کە توانراوە پرسی مووچە لە پرسی نەوت جیا بکرێتەوە، دەیانگوت توانیمان وا بکەین ئەگەر ھەرێم و بەغدا کێشەیان کەوتە نێوان لەسەر نەوت، ئەوە بەغدا ناتوانێ مووچە ببڕێتەوە. کەچی ئێستا بێ ئەوەی ھیچ رووی دابێ کەوتوونەتە بانگەشەی ئەوەی کە بەغدا مووچە دەبڕێت و ھەرێم سیستەمی پاشەکەوت پەیڕەو دەکاتەوە. لەکاتێکدا زانیارییەکان بەو جۆرەن کە بەغدا بۆ ئەمساڵ یارمەتیی ھەرێمی کوردستان دەدات تا قەرزە کەڵەکەبووەکانی بداتەوە بەغدا ٥٢٢ ملیاری مانگانە بۆ ھەرێم بنێرێ و ھەرێمیش لە داھاتی نەوتی کوردستان مووچە تەکمیل بکات و قەرزەکانیشی بداتەوە، سەری ساڵ بۆ میزانیەی ٢٠٢٠ رێککەوتنێک تر بکەن و ھەرێم پابەندی تەواوی رێککەوتنەکە ببێت”.
ھەر سەبارەت بەو پرسە، ھۆشیار عەبدوڵا، پەرلەمانتاری گۆڕان لە بەغدا، لە ئەکاونتی تایبەتیی خۆی نووسیویەتی: ”ھەرێم دەبێ داھاتی ناوخۆ بگەڕێنێتەوە بۆ خەزێنەی فیدراڵی“.
ئاشکراشی کردووە، لە کۆبوونەوەی لیژنەی دارایی، جارێکی تر لەسەر پشکی ھەرێم و ھەوڵدان بۆ بڕینی ئەو پشکەی ئێستا دێت بۆ ھەرێم، لەگەڵ بەشێک لە پەرلەمانتارانی لیژنەی دارایی لێیان بووەتە کێشە و گفتوگۆی توندیان کردووە“ .
نووسیویەتی: ”کێشەکە ئەوەیە بەگوێرەی رای سەرۆکی دەستەی مەرزەکانی عێراق، کە لە ١٠ی ئازار بانگھێشتی لیژنەی مالیە کراوە، لە ئێستا ھەرێم پابەند بووە بە تاریفەی رەسمیی گومرگی، بەڵام داھاتەکەی بۆ خەزێنەی ئیتیحادی نەناردووە“.
ئاماژەی بەوەش داوە، کە لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ دەربارەی ئەو راپۆرتە کراوە، کە قەرارە پێنجشەممە بخوێنرێتەوە و تیایدا چەند راسپاردەیەک جێگیر کراوە، یەکێک لە ئەندامانی لیژنەی مالیە پێشنیاری کرد، کە ئەگەر ھەرێم پابەند نەبوو بە گەڕاندنەوەی داھاتی ناوخۆ، لەبەرامبەردا ئەو بڕە لە پشکی ھەرێمی کوردستان ببڕدرێت.
لای خۆشیانەوە، مەسعود حەیدەر، پەرلەمانتاری پێشووی کورد لە بەغدا، رای گەیاند، بەشێک لە نوێنەرانی کورد لە رابردووەوە تا ئێستاش، کاری پەرلەمانتاری لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ دژایەتیی کیانی دەستووری و سیاسیی ھەرێمی کوردستان بەکار دێنن، لەسەر بنەمای ئەوەی کە پارتی دیموکراتی کوردستان حاکمی ھەرێمە، گوتی: “زۆرێک لەو دژایەتییانە کۆنە کینەیە و ھەوڵی پاشقۆڵ لێدانی سیاسییە، کە بەداخەوە لە رێگای شەڕکردنی راستەوخۆی قووت و ژیانی خەڵکی کوردستان و ئەمنیەتیی ئەم کیانە فیدراڵییە شەڕەکە دەکەن”.
گوتیشی: “بەداخەوە کە تا ئێستاش خەڵکانێک ھەن لە ھاووڵاتی و مووچەخۆر و پێشمەرگە و کەسوکاری شەھیدان و گشت چین و توێژەکانی ھەرێمی کوردستان، ئاگاداری وردەکاریی ھەوڵی ئەو کەسانە نین، کە بەرژەوەندیی نیشتمان و ژیانی تاکی ھەرێمی کوردستان بەردەوام دەخەنە بەر چەقۆی ئەوانەی دژی کورد و کوردستان، لە دەرفەتێک دەگەڕێن”.
ئەو پەلەمانتارە کوردەی خولی پێشووی پەرلەمانی عێراق راشی گەیاند، ئەم کار و ھەڵوێستانە، کە دەچێتە خانەی خیانەتی نیشتمانی و نەتەوەیی، لە سەرەتای ساڵی ٢٠١٤ دەستی پێ کرد، بە ھاندانی بەغدا بۆ بڕینی بودجەی ھەرێم و پاشان ئەم ھەڵوێستە مەترسیدارە چووە قۆناغێکی تر و ھەوڵی ھەڵتەکاندن و ھەڵوەشاندنەوەی کیانی فیدراڵیی ھەرێمی کوردستان درا، کە کوردستان زیاتر لە سەد ساڵە خەبات و قوربانیی بۆ ئەدا. گوتی: “ھەموومان چاوەڕوانین لە قۆناغی داھاتوودا، کورد یەک دەست و یەک ھەڵوێست بێت و ژیان و گوزەرانی خەڵک نەبنە کەرەستەی خەڵکی پۆپۆلیست کە دوژمنایەتیی ئەو میللەتە دەکەن کە ناردوونی لە بەغدا بەرگریی لێ بکەن، نەوەک لەژێر پەردەی شەرمەزاریی سیاسی ھەوڵی مووچەبڕینیان بدەن”.
گوتیشی: “بەداخەوە، کە ئەوە دەڵێم، کە حزبی کوردی و نوێنەری کورد لە بەغدا لە ساڵی ٢٠١٨ تکایان لە حەیدەر عەبادی کردووە کە قڕۆشێک مووچەی ھەرێمی کوردستان نەنێرێت، تاوەکوو حکوومەتی ھەرێم بڕووخێت و حکوومەتی ئینقاز وەتەنی بۆ خۆیان دروست بکەن، حزبی کوردی و نوێنەرەکانی تکایان لە حەیدەر عەبادی دەکرد، کە ھەرێمی کوردستان وەکوو ھەرێمێکی فیدراڵی ھەڵوەشێنێتەوە، ھەموو ئەمانەش لەژێر ناوی بەرگری لە خەڵکی پەردەپۆش دەکرا”.
ھاوکات، بەھرۆز جەعفەر، شرۆڤەکاری سیاسی و شارەزا لە کەیسی نەوت، لە ئەکاونتی تایبەتیی خۆی لە (فەیسبووک) نووسیویەتی: “کورد تا ئەم چرکەیە، یەک فەرمانبەری لە سۆمۆدا نییە، ھیچ کاتیش لە گفتوگۆکاندا حکوومەتی ھەرێم ئەمەی لەگەڵ حکوومەتی مەرکەزی باس نەکردووە، دیارە بوونی یەک فەرمانبەری کورد لە سۆمۆ گرنگیی جۆراوجۆری بۆ کوردستان ھەیە».
ئاماژەی بەوەش داوە: “حەقی خۆمانە ئێمەش بپرسین، ئەی حکوومەتی مەرکەزیی بەغدا پارەی ئەو پێنج ساڵەی کوردستانی چی لێ کرد، کە بودجەی ھەرێمی کوردستان و بە ئاشکرا لە تەنگانەترین کاتدا بڕییان؟ ئەی باشە پرسیارێکی تر: کورد دوازدە ساڵ جێگرێکی لە وەزارەتی نەوتی عێراقدا ھەبوو، بۆچی تەنەکەیەک نەوتی لە زستانێکدا بۆ خەڵکی کوردستان نەنارد خۆیانی پێ گەرم بکەنەوە؟ نەوەڵا ھەموو ئەو پرسیارانەش قەینا، ئەی بۆچی نیسبەتی کورد لە غازی باکوور و نەوتی باکوور لە کەرکووک کەمترە لە %٥ و کەس قسە ناکات؟“.
لای خۆشیانەوە، غالب محەمەد، پەرلەمانتاری گۆڕان لە بەغدا، بۆ (باس) جەختی لەوە کردەوە، کە ھیچ گرفتێک لەسەر مووچەی فەرمانبەرانی کوردستان نییە و بەغدا مانگانە پارەی مووچەی فەرمانبەرانی کوردستان، کە بە بڕی ٥٢٢ ملیار دینار دیاری کراوە، دەنێرێت.
گوتیشی: “ئەوان وەکوو گۆڕان بە ھیچ شێوەیەک لەگەڵ ئەوەدا نین ئەگەر ھەرێمی کوردستان نەوت رادەست نەکات، مووچەی فەرمانبەران کوردستان ببڕێت، بەپێچەوانەوە، ئێمە وەکوو گۆڕان لە پێش پەسەندکردنی یاسایی بودجە، کارمان بۆ ئەوە کردووە مووچەی فەرمانبەرانی کوردستان بە ھیچ شێوەیەک تێکەڵ بە کێشەکانی نێوان ھەولێر و بەغدا نەکرێت”.
جەختیشی کردەوە، بە باشی دەزانن، کە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لەسەر پرسی نەوت لە بەغدا بێتە پێشەوە و لەگەڵیدا رێک بکەوێ، تاوەکوو ئەو بابەتە بەتەواوی کۆتایی بێت و ساڵانە دووبارە نەبێتەوە.
لای خۆشیانەوە، شیروان میرزا، پەرلەمانتاری یەکێتی رای گەیاند، درک بەوە ناکەن ھەوڵێکی لەو شێوەیە ھەبێت، کە پەرلەمانتارانی عێراق ھەوڵ بدەن بڕگەی ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی کوردستان رابگرن، گوتی: “لەمساڵدا ئەو کارەیان بۆ ناکرێت و بۆ ساڵانی دیکەش باشترە ھەرێمی کوردستان لەگەڵ بەغدا لەسەر ئەو پرسە رێک بکەوێ”.
رەتیشی کردەوە، کە فراکسیۆنی یەکێتی لەگەڵ ھەوڵێکی وەھادا بێت، کە ئەگەر ھەرێمی کوردستان نەوت رادەست نەکات، مووچەی فەرمانبەرانی کوردستان ببڕدرێت.
باسنيوز
