پەرلەمانی عێراق پارێزگاری نەینەوای لە پۆستەکەی لادا

پەرلەمانی عێراق پارێزگاری نەینەوای لە پۆستەکەی لادا
لە چوارچێوەی کاردانەوەکانی دوای ڕووداوەکەی مووسڵ، لەسەر پێشنیازی سەرۆک وەزیرانی عێراق، پەرلەمانی عێراق پارێزگاری نەینەوای لە پۆستەکەی لادا.

پاش ئەوەی ڕۆژی پێنجشەممە ٢١ی ئاداری ٢٠١٩، بەلەمێک لە سەر ڕووباری دیجلە لە مووسڵ ژێرئاو کەوت و نزیکەی ١٢٠ کەس بەهۆیەوە گیانیان لەدەست دا، عادل عەبدولمەهدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق بە فەرمی پێشنیازی بۆ پەرلەمانی عێراق کرد، بەتۆمەتی کەمتەرخەمی و قۆستنەوەی پۆستەکەی و کەمتەرخەمی و بەهەدەردانی موڵکی گشتی، نۆفڵ حەمادی عاگوب، پارێزگاری نەینەوا لە پۆستەکەی لابدەن.

کەمێک لەمەوبەر پەرلەمانی عێراق لە دانیشتنێکیدا کە تایبەت بوو بە ڕووداوەکەی مووسڵ، بڕیاری لەکار لادانی نۆفڵ حەمادی لە پۆستی پارێزگاری نەینەوا دەرکرد.

هەر لە کۆبوونەوەکەدا پەرلەمانی عێراق شەش بڕیاری دەرکرد بۆ باشکردنی دۆخی مووسڵ، لە گرنگترینیان، باشکردنی رەوشی خزمەتگوزاری و ئەمنی و چاودێریکردنی زیاتری ئەو شوێنانەی لە ژێر دەسەڵاتی میلیشیاکاندان، هەروەها دوورخستنی بارەگا نایاساییەکان و ڕێکخستنەوەی هێزە ئەمنییەکان. جگە لەوەی بڕیار درا پارێزگاری نەینەوا دوور بخرێتەوە و ڕەوانەی دادگاش بکرێت بۆ لێکۆڵینەوە.

بڕیاری لادانی پارێزگاری نەینەوا لە پۆستەکەی بە پێی یاسا، بەسەر هەردوو جێگرەکەشیدا جێبەجێ دەبێت و ئەوانیش لە پۆستەکانیان لادران.












باسنيوز
Top