سیدەكان.. فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا بەسەر ئاسمانی ناوچەکەدا دەسووڕێنەوە

 سیدەكان.. فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا بەسەر ئاسمانی ناوچەکەدا دەسووڕێنەوە
بەڕێوەبەری شارەدێی سیدەكانی سەر بە شارۆچكەی سۆران لە سنووری پارێزگای هەولێر ڕای دەگەیەنێت، لە سنووری سیدەكان، فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا بەسەر چەند ناوچەیەكدا سووڕانەتەوە.



ئیحسان چەلەبی، بەڕێوەبەری شارەدێی سیدەكان، ڕاگەیاند: كاتژمێر 6ی سەر لەبەیانی ئەمڕۆ یەكشەممە 24/3/2019 تاكوو 8:30، فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا بەسەر ناوچاكانی "خواركورك و سمێلە و لۆلان و دێل" و بە دەوروبەری گوندەكانی "سیران خەلیفان و ئاڵەكان"دا سووڕاونەتەوە و لە چیای دێل بنكەی سەربازی توركیای لێیە، بەڵام فڕۆكەكان تۆبپارانیان نەكردووە".



گوتیشی، ئێستا لە سنووری سیدەكان کەشوهەوا نالەبارە و باران دەبارێت و هەر كاتێك كە دۆخی كەشوهەوا باراناوی بێت، یان تەم بێت، پەكەكە بە دەرفەتی دەزانێت و هێرش دەكاتە سەر بنكە سەربازییەكانی توركیا، ئەوانیش بۆ ئامادەباشیی خۆیان بە فڕۆكەی سەربازی بەسەر ئەو ناوچانەدا دەسووڕێنەوە.



بەپێی زانیارییەكان دۆخی ناوچە شاخاویییەكانی سنووری سیدەكان بەهۆی بوونی بنكە و بارەگاكانی پارتی كرێكارانی كوردستان (PKK) ناجێگیرە و بەو هۆیەوە سوپای توركیا ناوەبەناو هێرشی ئاسامانی دەكاتە سەر سنوورەكە و بەو هۆیەوە خەڵكی گوندنشینانی سنوورەكە دەبنە قوربانی.









باسنیوز
Top