لە شنگال شەڕ لە نێوان پەکەکە و سوپای عێراق دەستی پێ کردەوە

لە شنگال شەڕ لە نێوان پەکەکە و سوپای عێراق دەستی پێ کردەوە
لە سنووری شارەدێی (سنونێ)ی نزیک شنگال، جارێکی دیکە شەڕ لە نێوان هێزەکانی سەر بە پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) و سوپای عێراق دەستی پێ کردەوە.

بەپێی زانیارییەکان، هێزێکی سوپای عێراق کە فەرماندەی هێزە وشکانییەکانی عێراق و فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی مووسڵیشیان لەگەڵدایە، چوونەتە سنووری شنگال و هەوڵیان داوە لە گوندی (باب شلۆ)ی سەر بە شارەدێی سنوونێ، هێزێکی پەکەکە وەدەربنێن، بەڵام هێزەکە ڕەتیان کردووەتەوە و پێکدادان ڕووی داوە.

ئیدریس زۆزانی، کارگێڕی لقی ١٧ی پارتی دیموکراتی کوردستان لە شنگال ڕایگەیاند، نیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە، پێکدادان لە نێوان یەکینەکانی پاراستنی شنگال (یەپەشە) و سوپای عێراق ڕووی دا و بەپێی زانیارییەکان، لە هەردوولا کوژراو و بریندار هەن.

جەختیشی کردەوە کە هێشتا ڕەوشەکە ئاڵۆزە و کۆنتڕۆڵ نەکراوە. لە هەردوولاوە ژمارەیەک ئۆتۆمبێل سووتێندراون. گوتیشی: ”پاش ئەوەی پەکەکە هێرشی کرد و بارەگای لیوایەکی سوپای عێراقی کۆنتڕۆڵ کرد، ئەمڕۆ سوپای عێراق هێرشی پێچەوانەی ئەنجام دا و بارەگاکەی خۆی کۆنتڕۆڵ کردەوە“.

لەمبارەیەشەوە کەناڵی (کوردستان ٢٤) لە زاری فەرماندەیەکی یەکینەکانی پاراستنی شنگال (یەبەشە)وە بڵاوی کردەوە، سێ لیوای سوپای عێراقی کە لە مووسڵەوە ھێندراون، چوونەتە سەر بارەگای یەبەشە لە باب شلۆ و داوایان کردووە چەکەکانیان دابنێن و شوێن و زاڵگەکانیان چۆڵ بکەن و رادەستی سوپای عێراقی بکەن، بەڵامئەوان بە ھیچ شێوەیەک رازی نەبوون بۆیە شەڕ ڕووی داوە.

هاوکات باس لەوە دەکرێت کە لە ناوچەی (ئوم دیبان)ی سەر سنوورەکانی نێوان هەردوو دەوڵەتی عێراق و سووریا، شەڕ درووست بووە و سەربازێکی عێراقی کوژراوە و ئۆتۆمبێلێکی سەربازیی عێراقیش سووتێندراون، لە هەردوولاش بریندار هەیە.

پێشتر لە ١٧ی ئاداری ٢٠١٩ پێکدادان لە سنووری شنگال لە نێوان هێزەکانی سەر بە پەکەکە و سوپای عێراق ڕووی دا.












باسنیوز
Top