پارتی و یەکێتی: دوای نەورۆز بەردەوامی بە گفتوگۆکانمان دەدەین
کەمێک لەمەوبەر لە پرێس کۆنفرانسێکدا، لەتیف شیخ عومەر، گوتەبێژی یەکێتی باسی لە کۆبوونەوەکەی نێوان حزبەکەی و شاندی پارتی دیموکراتی کوردستان کرد و ڕای گەیاند: ”بەرچاومان ڕوونە و کۆبوونەوەکانمان بەردەوام دەبێ و ئیشەڵا بە ئامانج دەگەین“.
لەلایەن خۆیەوە دڵشاد شەھاب، ئەندامی شاندی پارتی، سوپاسی پێشوازییەکەی یەکێتی کرد و ڕای گەیاند: ”کۆبوونەوەکەمان یەکێک بوو لە کۆبوونەوە ھەرە سەرکەوتووەکان. بە باشی باس لە تەرجەمەکردنی ڕێککەوتنە سییاسییەکە و پێکەوە کارکردن کرا و ھەنگاوی باشمان بڕی“.
ئەوەشی ڕوون کردەوە: ”رەنگە ئێستا ھەمووان چاوەڕێی دەرئەنجام بکەن یان لەسەر پۆست قسە بکەین، بەڵام پرۆسەکە بەردەوامە و دوای جەژنی نەورۆز بەردەوامی بە گفتوگۆکانمان دەدەین“.
بەیانی ئەمڕۆ، شاندێکی پارتی دیموکراتی کوردستان، کە پێکھاتبوون لە کەمال کەرکووک، دڵشاد شەھاب، عەلی حوسێن، عەلی عەونی، ھێمن ھەورامی و فرسەت سۆفی، گەیشتنە سلێمانی و لەگەڵ یەکێتی کۆبوونەوە.
باسنيوز
