لە هەولێر پێشانگای گەشتیاریی ڕۆژهەڵاتی ناوین دەکرێتەوە
نادر ڕۆستی، گوتەبێژی دەستەی گشتیی گەشتوگوزاری هەرێمی كوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "سبەی، یەكشەممە (17-3-2019) لە هۆڵی پێشانگای نێودەوڵەتیی هەولێر لە پاركی شەهید سامی عەبدولڕەحمان، پێشانگای گەشتیاریی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ دووەمین جار لە شاری هەولێر دەكرێتەوە و پێشانگاكە بۆ سێ ڕۆژ بەردەوام دەبێت."
گوتەبێژی دەستەی گشتیی گەشتوگوزاری هەرێمی كوردستان ئاشكرایشی كرد: "زیاتر لە 250 كۆمپانیا لە 25 وڵاتی جیاجیاوە بەشداری لە پێشانگاكەدا دەكەن."
ڕۆستی ڕوونیشی كردەوە: "ئەم پێشانگایە كاریگەریی زۆری لەسەر جووڵەی گەشتیاریی هەرێمی كوردستان دەبێت. ئامانج لە كردنەوەی ئەم پێشانگایە ئاشنابوون و یەكترناسینی كۆمپانیاكان و ناساندنی گەشتوگوزاری هەرێمی كوردستانە و، بە مەبەستی زیادكردنی ڕێژەی گەشتیاران لە هەرێمی كوردستان كۆمەڵێك یادداشت و گرێبەستی تێدا واژۆ دەکرێت."
kdp-
