بۆچی ئەو باندەی پارەی نەخۆشخانەی (شار)یان دزی جلوبەرگی پرتەقاڵییان لەبەر کرا؟
ناوەڕاستی هەفتەی ڕابردوو، مووچەی کارمەندان و پزیشکانی نەخۆشخانەی شار لە سلێمانی، دزرا و پاشان هێزە ئەمنییەکانی شارەکە چەند کەسێکیان نیشان دا کە گوایە ئەو کەسانە دزییەکەیان ئەنجام داوە و جلوبەرگی پرتەقاڵییان لەبەردا بوو. بەو هۆیەشەوە خەڵکێکی زۆر پرسیاری ئەوەی کرد کە ئاخۆ بۆچی ئەو ڕەنگ و جلوبەرگەیان لەبەردایە؟
لە بەرامبەردا نەقیب سەرکەوت ئەحمەد، بەرپرسی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکانی بەڕێوبەرایەتیی پۆلیسی سلێمانی ڕايگەیاند، ئەو تاوانبارانەی کە پارەی کارمەندانی نەخۆشخانەی (شار)یان دزیبوو، بەھۆی ئۆپەڕاسیۆنێکی ھاوبەشی هێزە ئەمنییەکان دەستگیر کران، دواتر تاوانبارەکان ڕەوانەی ئاسایشی سلێمانی کران و ”جلی پرتەقاڵیان لەبەر کرا، بۆ ئەوەی ھیچ ڕەمزێکی ناسینەوەیان پێوە دیار نەبێت".
جەختیشی لەوە کردەوە: ”تاوانبارەکان دەستگیر کران و پارەکانمان ڕەوانەی نەخۆشخانەی شار کردەوە، ھەروەھا ھەر کەسێکی دیکە لەو دۆسیەیەدا تێوە گلابێت، ئێمە وەکو ھێزەکانی پۆلیس لێکۆڵینەوەی جدی لەسەر دەکەین".
دەربارەی ئەوەی تاچەند ڕاستە کارمەندانی نەخۆشخانەی شار لەو دۆسیەیەدا تێوە گلاون، سەرکەوت ئەحمەد، ئاماژەی بەوە دا: ”ناتوانم ھیچ شتێک لەسەر ئەوە بڵێم، بەڵام تاوەکوو ئێستا دادگا لێکۆڵینەوە لە دۆسیەی دزینی پارەی نەخۆشخانەی شار دەکات، هەر کەسێک دەستی لەو دزییەدا ھەبێت، ئێمە دەستگیری دەکەین".
باسنيوز
