هەوڵی کۆکردنەوە و یەکخستنی تاوانەکانی بەعس و داعش دەدرێت

هەوڵی کۆکردنەوە و یەکخستنی تاوانەکانی بەعس و داعش دەدرێت
دەزگای شەهیدانی عێراق هەوڵی یەکخستنی تاوانەکانی رژێمی بەعس و رێکخراوی تیرریستی داعش دژی گەلی کوردستان و عێراق، دەدات.

ئەمڕۆ شەممە 16-3-2019، خاتوو ناجیحە عەبدولئەمیر، سەرۆکی دەزگای شەهیدان لە رێوڕەسمی 31ـەمین ساڵوەگەڕی کیمیابارانکردنی هەڵەبجە، رایگەیاندووە، دەزگاکەی هەوڵی کۆکردنەوەی ناوی شەهیدانی هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان و هێزە عێراقییەکان دەدات بۆ ئەوەی وەک تاوانێکی رژێمی بەعس، نیشانی جیهانی بدات.

ناجیحە عەبدولئەمیر هەروەها رایگەیاندووە، کە دەزگای شەهید پرۆژەیەک بۆ یەکخستنی تاوانەکانی رژێمی بەعس و داعش دژی گەلانی کوردستان و عێراق، ئامادە دەکات.

رۆژی 16ـی ئاداری 1988، رژێمی بەعسی عێراق بە چەکی کیمیاوی، شاری هەڵەبجەی بۆردومان کرد و بەهۆیەوە جگە لە وێرانبوونی شارەکە، زیاتر لە پێنج هەزار هاووڵاتی، کە زۆربەیان ژن و منداڵ بوون، شەهید بوون.

لە مانگی 6ـی 2014، نزیکەی دوو هەزار چەکداری رێکخراوی تیرۆریستی داعش لە سووریاوە دزەیان کردە ناو خاکی عێراق و لە ماوەی چەند رۆژێکدا، هەرەسیان بە سوپای عێراق هێنا و زۆربەی ناوچەکانی پارێزگاکانی نەینەوا، دیالە، سەڵاحەدین و ئەنباریان داگیر کرد.

دوای داگیرکردنی نزیکەی نیوەی خاکی عێراق، چەکدارانی داعش لە مانگی 8ـی 2014 هێرشیان کردە سەر هەرێمی کوردستان، بەڵام هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان هێرشە بەردەوام. رۆژانەکانی داعشیان تێک شکاند و لەماوەی چەند مانگێکدا، هەموو ناوچە کوردستانییەکانیان رزگار کردەوە.


رژێمی بەعس سەدان تاوانی بەرامبەر گەلی کوردستان ئەنجام دا، کە دیارترینیان جگە لە کیمیابارانکردنی هەڵەبجە، بریتی بوون لە؛


- زیندەبەچاڵکردنی 182 هەزار هاووڵاتیی کوردستان لە پرۆسەی بەدناوی ئەنفال.

- ئەنفالکردنی هەشت هەزار هاووڵاتیی بارزانی.

- سووتاندن و وێرانکردنی زیاتر لە چوار هەزار گوندی کوردستان.










باسنيوز
Top