پارتی: تا کۆتایی ئەم مانگە سەرۆکی هەرێمی کوردستان هەڵدەبژێردرێت

 پارتی: تا کۆتایی ئەم مانگە سەرۆکی هەرێمی کوردستان هەڵدەبژێردرێت
ئەندامێکی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕای دەگەیەنێت، بڕیاری یەکلاکەرەوەیان داوە و تا کۆتایی مانگی سێ سەرۆکی ھەرێمی کوردستان ھەڵدەبژێرن و دواتر کاندیدی پۆستی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان رادەسپێردرێت.



ئاراس حەسۆ میرخان، ئەندامی سەرکردایەتیی پارتی ڕاگەیاند، پارتی بڕیاری یەکلاکەرەوەی خۆی داوە و تا کۆتایی مانگی سێ، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان ”ھەڵدەبژێرین“ و ”دوای دوو ڕۆژ لە هەڵبژاردنی سەرۆکی هەرێم، سەرۆکی حکوومەت ڕادەسپێرێت، لەو ماوەیەشدا پەیوەندییەکانمان لەگەڵ یەکێتی بەردەوام دەبێ بۆ ئەوەی بگەینە ئەنجامێک“.



ئەوەشی دووپات کردەوە کە ئەوان وەکوو پارتی، بڕیاری خۆیان داوە و ”یەکێتی لەگەڵمان بێ یان نا، ئەوا ئێمە پرۆسەی ھەڵبژاردنی سەرۆکی ھەرێم و ڕاسپاردنی سەرۆکی حکوومەت لە کۆتایی مانگی سێ و سەرەتای مانگی چوار جێبەجێ دەکەین“.



ئاراس حەسۆ میرخان باسی لەوەش کرد کە بەپێی یاسا، کاتێک سەرۆکی حکوومەت ڕاسپێردرا، یەک مانگی لە پێش دەبێت تاوەکوو کابینەکەی پیکبھێنێت، بۆیە ”ئەگەر سەرۆکی حکوومەت لە سەرەتای مانگی چوار ڕاسپێردرا، تا کۆتای ئەو مانگەی لە بەردەست دەبێت“.



هەرچەندە لە نێوان پارتی و یەکێتیدا ڕێککەوتنێکی سیاسی واژۆ کراوە، بەڵام تاوەکوو ئێستا فراکسیۆنی یەکێتی نەگەڕاونەتەوە نێو هۆڵی پەرلەمانی کوردستان و کاندیدیشیان بۆ پۆستی سەرۆکی پەرلەمان پێشکەش نەکردووە.






باسنیوز
Top