"کۆبوونەوەکانی جنێف دەربارەی ڕەوشی سووریا دەست پێ دەکەنەوە"

بڕیارە بۆ دوزینەوەی چارەسەرێکی ئاشتیانە لەبارەی ڕەوشی سووریاوە وڵاتانی زلھێز و ئۆپۆزسیۆنی سووریا جارێکی دیکە لە جنێف کۆ ببنەوە و شارەزایەکی کاروباری سووریاش پێی وایە، ھیچ بڕیارێک بەبێ کورد نادرێت و پێشبینیی ڕێککەوتنێکی ئەمەریکا و ڕووسیا لەبارەی ڕەوشی سووریاوە دەکرێت.

دکتۆر کاوە ئازیزی، شارەزای کاروباری سووریا، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "بڕیارە دوای کۆتاییھاتنی شەڕ لە ڕۆژھەڵاتی فورات و کۆبوونەوەکانی سووچی، چارەسەرێکی سیاسی بۆ ڕەوشی سووریا بکرێت و پێشبینیی ڕێککەوتنی ڕووسیا و ئەمەریکا دەکرێت، بە بڕوای من بۆ ڕەوشی سووریا باشترە دوای کۆتاییھاتنی شەڕ کۆبوونەوەکانی جنێف دەست بە کارەکانی بکاتەوە، ئینجا کەی دەکرێت و کێ بەشداریی دەبێت، ئەوە بابەتێکی دیکەیە."

ئەو شارەزایەی کاروباری سووریا دەشڵێت: "زلھێزانی جیھان وەک ئەمەریکا و ڕووسیا بڕیار لەبارەی کاتی بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەکانەوە دەدەن و ھەموومان چاوەڕێی ئەو بڕیارەین."

دکتۆر کاوە ئازیزی، کە ئەندامی ئەنجومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا (ئەنەکەسە)یە ئاشکرای کرد: "ئێمە وەک کورد بەشدارین لە ھەموو ئەو کۆبوونەوانەی لەبارەی ڕەوشی سووریاوە دەکرێن، بەڵام وڵاتان ڕێگە نادەن پەیەدە و حزبەکانی سەر بە پەکەکە بەشدارییان لەو کۆبوونەوانەدا ھەبێت، لەبەر ئەوەش، ئەنجومەنی نیشتمانیی کورد بە ناوی کوردانی سووریاوە بەشداری لە ھەموو کۆبوونەوە فەرمییەکان دەربارەی ڕەوشی سووریادا دەکات."

پەیوەست بە داواکارییەکانی کورد لە کۆبوونەوە دەربارەی ڕەوشی سووریا، ئازیزی گوتی: "داواکاریی ئێمە ئاشکران، ئەویش سووریایەکی دیموکرات و فیدڕاڵ لەسەر بنەمای فرەنەتەوەیی و فرەئایینی و پێدانی مافی ھەموو پێکھاتەکانی سووریا، بەتایبەتی ئامادەکردنی دەستوورێکی نوێ بۆ سووریای دوای شەڕ خواستی ھەموو گەلانی سووریایە بە کوردیشەوە."
kdp-
Top