بەشیر حەداد: دەبێ لایەنەکان لە کەرکووک بە یەک لیست بەشداریی هەڵبژاردن بکەن
د. بەشیر حەداد جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، لە پێگەی تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەیسبووک) بڵاوی کردووەتەوە لەگەڵ سەرۆک فراکسیۆنە کوردەکانی پەرلەمانی عێراق کۆ بووەتەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا بۆ تاوتوێکردنی ئەو پرسانەی کە پێویستە فراکسیۆنە کوردەکان لەسەری یەکدەنگ بن، چەند خاڵێک خراونەتە ڕوو.
ئاماژەی بەوەش کردووە ھەموارکردنەوەی یاسای ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان، یەکێک بووە لەو خاڵانەی کە جێگری پەرلەمانی عێراق بە خاڵێکی جەوھەریی ناو برد، بۆیە پێویستە ھاودەنگی فراکسیۆنەکانی لەسەر بێت، لە بەرەنجامی قسەکانیاندا چەندین بۆچوونی جیاواز ھەبوو، بەڵام زۆربەی فراکسیۆنەکانی کورد لە پەرلەمانی عێراق لەگەڵ ئەو بۆچوونەبوون کە کورد بە یەک لیست بەشدار بێت لە ھەڵبژاردنەکاندا لە کەرکووک.
دەستنیشانکردنی لێژنەکانی پەرلەمان و سەرۆکی لێژنەکان، بۆ ئەوەی بەپێی ئەو رێژەیەی کە لە پەرلەمانی عێراق بۆ کورد دانراوە، بە ڕاوێژ لەگەڵ فراکسیۆنەکان کاری لەسەر بکرێت. ھەروەھا بەپێی ڕێژەی کورسییەکان ئەو دابەشکارییە لە نێو فراکسیۆنەکاندا دابەش بکرێت.
د. بەشیر حەداد تەئکیدی لەسەر بە ئەمەک کارکردنی نوێنەرایەتی کورد لە بەغدا کردەوە، بە سەرۆک فراکسیۆنەکانی ڕاگەیاندووە، ھەموو ڕەنگە جیاوازەکان بکەینە یەک ڕەنگ بۆ وەرگرتنەوەی مافەکانی کورد لە بەغدا.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەیاندا، ڕێک کەوتن لەسەر ئەوەی کە ھەموو فراکسیۆنەکان بەیەکەوە سەردانی ناوچەکانی ماددەی ١٤٠ بکەن، بۆ ئەوەی لە نزیکەوە ئاگاداری دیموگرافیای ناوچەکە بن.
بەشێکی دیکەی قسەکانیان لەسەر ھەماھەنگی نێوان فراکسیۆنەکان بوو، لەکاتی پەیوەندی لەگەڵ لایەنە عێراقییەکانی دیکە، بۆ ئەوەی قەبارەی کورد لە بەغدا حساب بۆ کراو بێت.
ئەمە لە کاتێکدایە کە پاش ڕووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەر و داگیرکردنی کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکانی دیکە، پارتی دیموکراتی کوردستان ئەوە بە داگیرکاری دەزانێت و لەسەر ڕوانگەی خۆی سوورە و پێش هەر هەڵبژاردن و کارکردنێک دەیهەوێ ئەو هێزە سەربازییانە لە کەرکووک بڕۆنە دەرەوە و سەقامگیری و دۆخی ئەمنی، سیاسی بۆ ئەو ناوچانە بگەڕێتەوە و پێشمەرگەش بگەڕێتەوە شوێنەکانی خۆی و ئاسایشی کەرکووک بسپێردرێتەوە بە خەڵک.
هەر لەم پەیوەندییەدا پێشتر عەدنان کەرکووکی، ئەندامی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی کەرکووک-گەرمیانی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ (باسنیوز) گوتی: "ئەو ڕەوشەی ئێستا لە کەرکووک ھەیە ھەمان ئەو ڕەوشەیە لە ھەڵبژاردنی (١٢-٥-٢٠١٨) ھەبوو، دۆخی خراپی شارەکە لەبری چارەسەربوون زیادی کردووە ئەمەش هۆکاری بەشدارینەکردنمان بوو لە هەڵبژاردنی ڕابردوو لە پارێزگاکە، بەو شێوەیەی ئێستا دەنگدەر ناتوانێت بە ئازادی بەشداری دەنگدان بکات، بۆیە ھیچ بڕیارێکمان نییە بۆ بەشداریکردن لە ھەڵبژاردنەکانی کەرکووک بە دوو مەرج نەبێت".
گوتیشی: "پارتی بەشداریی لە ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان بە کەرکووکیشەوە، دەکات بەو مەرجانەی کە رەوشی شارەکە ئاسایی بکرێتەوە و بارەگاکانی پارتی لە شارەکە بگەڕێنەوە دەست حزب و ئەو عەسکەرتارییەتەی ھەیە لەوێ نەمێنێت و دۆخێکی ئازاد بهێنرێتە کایەوە، هەروەها ئەنجوومەنی پارێزگاکەش بگەڕێتەوە شارەکە".
باسنیوز
