بەرپرسێك: جموجۆڵی داعش لە دەوروبەری كەركووك زیادیان كردووە

 بەرپرسێك: جموجۆڵی داعش لە دەوروبەری كەركووك زیادیان كردووە


بەرپرسێكی حزبی ڕای دەگەیەنێت، جموجۆڵی داعش لە دەوروبەری كەركووك زیادی كردووە و تیرۆریستەكان بە چاو دەبینرێن.



هێرش جەباری، ئەندامی ئەنجومەنی سەركردایەتیی كەركووك- گەرمیانی پارتی، ڕاگەیاند: هۆكاری سەرەكیی زۆریی جموجۆڵی داعش لە دەوروبەری كەركووك، بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە پێشمەرگە لە 16ی ئۆكتۆبەرەوە لە سنوورەكە كشایەوە و پێش 16ی ئۆكتۆبەر پێشمەرگە سنوورەكەی دەپاراست، بەتایبەت هێزەكانی ئێمە كە چەند لیوایەكمان لە سنوورەكە هەبوو، هەروەها خاوەنی هێزێكی بەرچاو بووین و ڕێگە نەدەدرا داعش بە ئارەزووی خۆیان بسووڕێنەوە و دزە بكاتە ناو كەركووكەوە، بەڵام كە پێشمەرگە لە سنوورەكە نەماوە ئێستا جموجۆڵیان هەیە و دێنە سنوورەكە و خەڵك دەكوژن و دەڕفینن و ئیهانەی هاووڵاتییان دەكەن".



روونیشی كردەوە، نەبوونی پێشمەرگە لە سنوورەكە بووەتە هۆی زیادبوونی تیرۆریستان و بە دیاریكراوی لە ناوچەاکنی "داقووق و لەیلان و دووبز" جموجۆڵی تیرۆریستان هەیە و بەچاو دەبینرێن و هیچ هێزێكی ئەمنی نییە ئێستا ناوچە كوردستانییەكانی دەوروبەری كەركووك بپارێزێت و هیچ هێزێكیش ناچێتە ئەو ناوچانە و دۆخی كوردەكان لە دەوروبەری كەركووك زۆر نالەبارە و ژیانیان تاڵ بووە و ئەوەندە مەترسییان لەسەرە رەنگە ئیتر دەستبەداری كاری كشتوكاڵی خۆشیان بن، چونكە فشاریان زۆر لەسەرە و ئەوان لە حاڵەتی مەترسیدا دەژین و هەڕەشەی جدییان لەسەرە و ژیانیان بە هیچ شێوەیەك لە شوێن و ڕێگەی خۆیان پارێزراو نین".









باسنیوز
Top