بەرپرسێکی زەحمەتکێشان: پێویستە ھەنگاوەکانی پێکھێنانی حکوومەت خێراتر بکرێن
گۆران جەلال، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "پڕۆسەی پێکھێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان زۆر دوا کەوتووە و حزبی زەحمەتکێشانی کوردستانیش لەوبارەیەوە پێشنیارێکی بۆ پەلەکردن لە پێکھێنانی کابینەی نوێ خستووەتە بەردەم پارتی و یەکێتی و سەردانی ھەردوولا لایەنیشی کردووە."
لەبارەی ھەڵوێستی پارتییەوە، بەرپرسەکەی زەحمەتکێشان گوتی: "پارتی دیموکراتی کوردستان وەڵامی ئەرێنیان ھەبوو لەسەر پێشنیارەکەی حزبی زەحمەکێشان و ئەوانیش ھاوڕا بوون، کە پێویستە ھەنگاوەکانی پێکھێنانی حکوومەتی نوێ خێرا بکرێت و پڕۆسەکە زیاتر دوا نەکەوێت."
گۆران جەلال ڕوونی کردەوە: "پێکھێنانی حکوومەت بەرھەمی ھەڵبژاردنی ھاووڵاتیانی ھەرێمی کوردستان و پڕۆسەیەکی نیشتمانییە، لەبەر ئەوەش، چەندی زووتر کابینەی نوێ بکەوێتە کار باشترە و سوودی بۆ ھەموو لایەنە سیاسییەکان و ھاووڵاتیانی ھەرێمی کوردستان ھەیە، چونکە پەیوەستە بە ژیان و خزمەتکردنی جەماوەری کوردستانەوە و ھەموو لایەک چاوەڕێی حکوومەتێک دەکەین لە ئاست خواستی ھەرێمی کوردستاندا بێت."
پەیوەست بە بەشداریی حزبی زەحمەتکێشان لە کابینەی نوێی حکوومەتدا گۆران جەلال ئاشکرای کرد: "ھێشتا بەفەرمی داوا لە ئێمە نەکراوە لە کابینەی نوێی حکوومەتی ھەرێمدا بەشدار بین، ھەرکاتێک باس ھاتە سەر ئەوەی ئێمە بەشدار بین ئەوە ھەڵوێستی خۆمان ئاشکرا دەکەین کە چۆن بەشدار دەبین."
kdp-
