فراکسیۆنە کوردەکان لە بەغدا داوا دەکەن لایەنە سیاسییەکانی کەرکووک بە یەک لیست بەشداریی ھەڵبژاردن بکەن
لە کۆبوونەوەکەدا چەند خاڵێک خرانە ڕوو بۆ تاوتوێکردنی ئەو پرسە پەیوەستانەی کە پێویستە فراکسیۆنە کوردەکان لەسەری یەکدەنگ بن.
ھەموارکردنەوەی یاسای ھەڵبژاردن، یەکێک بوو لەو خاڵانەی کە جێگری پەرلەمانی عێراق بە خاڵێکی جەوھەریی ناو برد، بۆیە پێویستە ھاودەنگی فراکسیۆنەکانی لەسەر بێت، لە بەرەنجامی قسەکانیاندا چەندین بۆچوونی جیاواز ھەبوو، بەڵام زۆربەی فراکسیۆنەکانی کورد لە پەرلەمانی عێراق لەگەڵ ئەو بۆچوونە بوون کە کورد بە یەک لیست بەشدار بێت لە ھەڵبژاردنەکاندا لە کەرکووک.
دەستنیشانکردنی لیژنەکانی پەرلەمان و سەرۆکی لێژنەکان، بۆ ئەوەی بەپێی ئەو ڕێژەیەی کە لە پەرلەمانی عێراق بۆ کورد دانراوە، بە ڕاوێژ لەگەڵ فراکسیۆنەکان کاری لەسەر بکرێت. ھەروەھا بەپێی ڕێژەی کورسییەکان ئەو دابەشکارییە لە نێو فراکسیۆنەکاندا دابەش بکرێت.
د. بەشیر حەداد تەئکیدی لەسەر بەئەمەککارکردنی نوێنەرایەتیی کورد لە بەغدا کردەوە، بە سەرۆک فراکسیۆنەکانی ڕاگەیاند، ھەموو ڕەنگە جیاوازەکان بکەینە یەکڕەنگ بۆ وەرگرتنەوەی مافەکانی کورد لە بەغدا.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەیاندا ڕێک کەوتن لەسەر ئەوەی کە ھەموو فراکسیۆنەکان بەیەکەوە سەردانی ناوچەکانی ماددەی ١٤٠ بکەن، بۆ ئەوەی لە نزیکەوە ئاگاداری دیموگرافیای ناوچەکە بن.
بەشێکی دیکەی قسەکانیان لەسەر ھەماھەنگیی نێوان فراکسیۆنەکان بوو، لە کاتی پەیوەندی لەگەڵ لایەنە عێراقییەکانی دیکە، بۆ ئەوەی قەبارەی کورد لە بەغدا حسابی بۆ بکرێت.
kdp-
