سەرۆکی عەشیرەتی غەوارە: خەڵکی سلێمانی باش دەزانن کێ لە پشت دزی و کوشتنەوەن
شاھۆ خالید خولەسوور، سەرۆکی عەشیرەتی غەوارە، ڕوونکردنەوەیەکی بڵاو کردەوە و ئاماژەی بەوە داوە کە هەندێک لە پەیج و هەژماری تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کەوتوونەتە ناوزڕاندنیان و تۆمەتباریان کردوون بە دزینی پارەی مووچەی کارمەندانی نەخۆشخانەی شار. بۆیە ڕای گەیاند: ”ئەم جۆرە بڵاو کردنەوانە جگە لەوەی کە بەشێکە لەو ئیرھابە فکرییەی لەم ناوچەیە لەسەر ھەموو ئەندامێک و لایەنگرێکی پارتی ھەیە، ھیچی تر نییە و دوورە لە ڕاستییەوە، بە ھیچ جۆرێک ئەو کەسانەی کە دەستگیر کراون، ھیچ پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆیان بە ئێمەوە نییە“.
ئەوەشی نەشاردووەتەوە کە خەڵکی سلێمانی ”باش دەزانن کێ لەم سنوورە لە پشت درووستکردنی باند و دزین و تاڵانکردن و پیاوکوشتنەوەن“. بۆیە دەپرسێت: ”ئایا ئێمە و بنەماڵەکەمان و عەشیرەتەکەمانین یان ئەوانەن کە لە پشتی دروست کردنی ئەم تۆمەتە ناشرین و ناڕەوایانەن“.
باسنيوز
