مەسرور بارزانی و شاندێکی حکوومەتی تورکیا پەیوەندییەکانی نێوانیان تاوتوێ کرد
ئەمرۆ چوارشەممە 13/3/2019، مەسرور بارزانی، راوێژکاری ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان پێشوازیی لە سداد ئونال، جێگری وەزیری دەرەوەی تورکیا و شاندێکی یاوەری کرد و تێیدا لەو دیدارەدا دوا پەرەسەندنەکانی ناوچەکە و پەیوەندییە دووقۆڵیەکان و هەوڵ و هەنگاوەکانی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و پرسە هاوبەشەکان تاوتوێ کرا.
مەسرور بارزانی، خواستی هەرێمی کوردستانی بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و هەرێمی کوردستان لە گشت بوارەکان دووپات کردەوە، بەشێوەیەک لە بەرژەوەندی هەردوولا بێت و خزمەت بە ئاشتی وسەقامگیری و دراوسێیەتی باش بکات.
لەلای خۆیەوە جێگری وەزیری دەرەوەی تورکیا ئاواتی سەرکەوتنی بۆ مەسرور بارزانی خواست لە سەرۆکایەتی کردنی کابینەی داهاتووی حکومەتی هەرێمی کوردستان و ویستی حکومەتی وڵاتەکەی بۆ پێشخستنی پەیوەندییە ئابووری و بازرگانییەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان وەک دراوسێ و دەروازە بۆ ناوچەکانی دیکەی عێراق دەربڕی.
گفتوگۆکردن لەبارەی پەرەسەندن و پێشهاتەکانی ناوچەکە و رەوشی ئاسایشی ناوچە سنوورییەکان و رۆڵی کۆمپانیاکانی تورکیا لە هەرێمی کوردستان تەوەرێکی دیکەی دیدارەکە بوو.
باسنيوز
