چالاکوانێكی سیاسی: دزینی پارەکەی نەخۆشخانەی شار لە سلێمانی بۆ خۆیان نەبووە، بەڵکوو ئەرکێکیان جێبەجێ کردووە“

چالاکوانێكی سیاسی: دزینی پارەکەی نەخۆشخانەی شار لە سلێمانی بۆ خۆیان نەبووە، بەڵکوو ئەرکێکیان جێبەجێ کردووە“
چالاکێکی سیاسی گومان دەخاتە سەر دزینی مووچەی پزیشک و کارمەندانی نەخۆشخانەی شار لە سلێمانی و پێیوایە کە ئەو تاوانە لە پێناو ”لێدانی پارێزگارەکەی گۆڕان“ کراوە و ئەو کەسانەشی ئەم کارەیان کردووە، ”ئەرکێکیان جێبەجێ کردووە“.



بەختیار تاڵەبانی، چالاکی سیاسی، لە پێگەی تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەیسبووک) بڵاوی کردەوە، ئەوەی لە سلێمانی ڕووی دا، ڕووداوی دزینێکی ئاسایی و تەقلیدی نەبووە، بگرە ”ئەوانە دز نین و ئەو کارەشیان بۆ خۆیان نەکردووە، بەڵکوو ئەرکێکیان جێبەجێ کردووە کە چەند ئامانجێکی لە پشتەوەیە“.



بە بڕوای ئەو چالاکە سیاسییە، ئامانجەکانی پشت ڕووداوەکە ئەمانەن:

یەک: ئەوانەی بەو کارە هەڵساون، دەکرێنە قوربانی بۆ بەپاڵەوانکردنی گرووپێکی ئەمنی.

دوو: لێدانی پارێزگارەکەی گۆڕانە کە ئێستا مشتومڕ لەسەر ماوەکەی هەیە.

سێ: گوشارێکی دارایی زیادەیە بۆ سەر حکوومەتی هەرێمی کوردستان.



ئەوەشی وەبیر هێناوەتەوە کە پێش ماوەیەک مەحموود سەنگاوی، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی ڕای گەیاند، هێزەکانیان ڕەوانەی سلێمانی دەکەن بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی چەند گرووپێکی مافیایی.



هەر لە بارەی ڕووداوی دزییەکەی مووچەی نەخۆشخانەی شار، بەشار عەزیز، چالاکی سیاسی، بە هەمان شێوە لە پێگەی خۆیدا لە هەمان تۆڕی کۆمەڵایەتی، ٥ کاتژمێر پێش دۆزینەوەی پارەکە، نووسیویەتی: “دزییەکەی مووچەی نەخۆشخانەی شار سیناریۆیەکە، بۆ ئەوەی دەستگیرکردنیان بکرێتە دەستکەوت”.



پێشتر رامیار مەحموود، ڕۆژنامەنووس لە هەژماری خۆیدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی (فەیسبووك) بڵاوی کردبووەوە: "سیستەمی ئەمنیی سلێمانی زۆر لەوە بەهێزترە مووچە و تاوانبار نەدۆزرێتەوە، دوای سەعاتێک ئەوە سەیرە، بگرە تا ئێستەش بێ دەنگی لەسەرە لەلایەن میدیاكانی سلێمانی".


ڕۆژنامەنووسەكە گومانی زیاتریشی خستووەتە سەر ڕووداوەكە و ئاماژەی بەوە داوە "ئەمە تەنها شانۆیەکی تەمومژاوییە، وەک ئاماژەی ئەکشن و پلانی سیاسی دێتە بەرچاو".



نیوەڕۆی دوێنێ سێشەممە ١٢ی ئاداری ٢٠١٩، باندێکی چەکداری دەمامکدار ڕێگەیان لە ئۆتۆمبێلێک گرت کە پارەی مووچەی پزیشک و کارمەندانی نەخۆشخانەی شاریان دەگواستەوە و زیاتر لە ملیارێک دیناریان دزی، بەڵام بەرەبەیانیی ئەمڕۆ دەستگیرکردنی ٧ ئەندامی باندەکە ڕاگەیاندرا.






باسنیوز
Top