ئاسایشی یەکێتی هەڵدەکوتێتە سەر بارەگای گرووپێکی سەر بە پەکەکە لە سلێمانی

 ئاسایشی یەکێتی  هەڵدەکوتێتە سەر بارەگای گرووپێکی سەر بە پەکەکە لە سلێمانی
سەرکردەکانی گرووپێکی سەر بە پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) ڕایان گەیاند، ئاسایشی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە سلێمانی هەڵیکوتاوەتە سەر بارەگای گرووپەکەیان.





محەمەد کەریم، ئەندامی ئەنجومەنی کۆمەڵەی گەنجانی وڵاتپارێزی کوردستان کە گرووپێکی سەر بە پەکەکەیە لە سلێمانی، ڕاگەیاند، ئاسایشی سلێمانی گەمارۆی بارەگای تەڤگەری ئازادی و ڕێکخراوی ژنانی ئازادیی کوردستانی داوە و دەرگای بارەگاکانیان بە قفڵی تایبەتی خۆیان داخستووە".



جەختیشی کردەوە کە ئاسایشی سلێمانی ماوەیەکی زۆرە کاروچالاکییەکانی تەڤگەری ئازادی و پەکەکەی قەدەغە کردووە، بەڵام ”ئەو کارە ئێمەی سارد نەکردووەتەوە“.



ئەوەشی ڕوون کردەوە کە ئاسایشی یەکێتی لە سلێمانی ”بەردەوام چاودێریی بارەگاکانمان دەکادەکەن و بارەگاکانمان دادەخەن“.



هەر لەمبارەیەوە کەمێک لەمەوبەر، تارا حوسێن، سەرکردەی دیاری تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگەی کوردستان لە پێگەی تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەیسبووک) بڵاوی کردەوە، هەر ئێستا ئاسایش هەڵیکوتاوەتە سەر بارەگای تەڤگەر و چواردەوری داون.



پەلاماردانی بارەگای گرووپەکانی سەر بە پەکەکە بەرئەنجامی ڕێککەوتنێکی نێوان یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و تورکیایە کە یەکێتی لە پێناو کردنەوەی نوێنەرایەتییەکەی لە ئەنقەرە و ڕازیکردنی تورکیا بە ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی، ڕێوشوێنی توند لە دژی پەکەکە و گرووپەکانی سەر بە پەکەکە دەگرێتە بەر.






باسنیوز
Top