ئاسایشی سلێمانی چۆنییەتی دەستگیرکردنی مووچە دزەکانی راگەیاند
وەستا حەسەن، بەڕێوەبەری ئاسایشی سلێمانی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: "توانرا لە چەند کاتژمێرێکدا لە لایەن دەزگا ئەمنییەکان سەرەداوەکان ئاشکرا بکرێن و تاوانباران کە خەڵکی ئەم وڵاتەن دەستگیر بکرێن".
لەبارەی ژمارەی تاوانباران و چۆنیەتی دەستگیرکردنیان، وەستا حەسەن رایگەیاند: "ژمارەی تاوانباران حەوت کەس بوون لە دەرەوەی شار دەستگیر کراون، بەهۆی زۆری بازگەکان نەیانتوانیووە هەڵبێن".
راشیگەیاند :"ئەمڕۆ مووچەکە بەسەر کارمەندانی نەخۆشخانەی شاردا دابەش دەکرێت"
لای خۆیەوە، رێباز حەملان، وەزیری دارایی و ئابووری حكوومەتی ھەرێمی كوردستان لە راگەیەندراوێكدا پێشتر ئاشكرای كردبوو، ئەو كەسانەی پارەی نەخۆشخانەی شاریان لە سلێمانی دزیبوو دەستگیر كراون پارەكەش گەڕێندراوەتەوە.
دوێنێ سێشەممە 13/03/2019، نزیکەی ملیارێک دینار مووچەی نەخۆشخانەی شاری سلێمانی دزرا و ئەمڕۆ ئاسایشی سلێمانی و دەزگا ئەمنییەکان گەڕاندنەوەی پارەکە و دەستگیرکردنی تاوانبارانیان راگەیاند.
K24
