فەرماندەیەکی پێشمەرگە: چاوەڕێی فەرمان دەکەین بۆ جووڵەکردن دژی داعش

 فەرماندەیەکی پێشمەرگە: چاوەڕێی فەرمان دەکەین بۆ جووڵەکردن دژی داعش
فەرماندەیەکی هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان رایدەگەیەنێت، کە چاوەڕێی فەرمانی سەرووی خۆیان دەکەن بۆ جووڵەکردن دژی چەکدارە سەرهەڵداوەکانی رێکخراوی تیرۆریستی داعش.



نوری حەمە عەلی، فەرماندەی میحوەری ڕۆژئاوای کەرکووک رایگەیاندووە، کە پێشبینیی سەرھەڵدانی گرووپی مەترسیداری ھاوشێوەی داعش ھەیە و ماوەیەکیشە داعش زیاتر جووڵە دەکات، "ئەگەر دەرفەتیان بۆ بڕەخسێت، بەردەوام دەستی خۆیان دەوەشێنن."



نوری حەمە عەلی هەروەها رایگەیاندووە، جووڵەی چەکدارە تیرۆریستەکان زۆرتر لەو ناوچانەیە، کە دەکەونە ژێر دەسەڵاتی هێزە عێراقییەکان و ”مەرجیش نییە ئەوانەی ئێستا لە ھەندێ ناوچەی عێراق چالاکن، چەکداری داعش بن، ڕەنگە گرووپ و تاقمی دیکە بن."



ئەو فەرماندەیەی پێشمەرگە رێککەوتنی سیاسی بە چارەسەر دەزانێت بۆ لەناوبردن و بنبڕکردنی تیرۆر لە عێراق و رایگەیاندووە، ”ھەتا عێراق سیاسەتی خۆی لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە و جیھان ئاسایی نەکاتەوە ئەو ھەراوھوریایەی لە عێراق پەیدا بووە، بەردەوام دەبێت“.



نوری حەمە عەلی، کە لێدوانی بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان داوە، لەبارەی جووڵەی پێشمەرگە لە دژی داعش، رایگەیاندووە، لێژنەی هەماهەنگیی پێشمەرگە و هێزە عێراقییەکان هەیە و ”ھەرکاتێک فەرمان بە ئێمە بکرێت وەک ھێزی پێشمەرگە ئامادەین“.




باسنيوز
Top