ئاكرەیی: هەڵگرتنی ڤیزا له‌ نێوان عێراق و ئێران بە چەند قۆناغێك دەبێت

ئاكرەیی: هەڵگرتنی ڤیزا له‌ نێوان عێراق و ئێران بە چەند قۆناغێك دەبێت
عەبدوڵڵا ئاكرەیی، بەڕێوەبەری گشتی پەیوەندیەكانی نێوان كۆماری ئیسلامی و هەرێمی كوردستان رایدەگەیەنێت، ئێران ئامادەیی نیشان داوە بۆ هەڵگرتنی ڤیزا لە نێوان عێراق و ئێراندا. دەشڵێ، هەركات بڕیارەكە كەوتە واری جێبەجێكردنەوە، هەرێمی كوردستان پابەندی رێككەوتنەكە دەبێت.
 
لەبارەی هەڵگرتنی ڤیزای نێوان هەرێمی كوردستان و ئێران، عەبدوڵڵا ئاكرەیی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند، ئێران دوو ساڵ پێش ئامادەیی نیشان داوە و داوای ئەوەی كردووە كە ڤیزا بە شێوەیەكی گشتی لە نێوان عێراق و ئێراندا نەمێنێت، بەڵام عێراق ئێستا ئەو زەمینە یاخود ئەو ئامادەكارییەی نییە كە ئەو كارە بكات، بۆیە پێویستە بەغدا ئامادەكاریی تەواوی بۆ هەڵگرتنی ڤیزا هەبێت.
 
ئاكرەیی پێی وایە، هەڵگرتنی ئەو ڤیزایەش بە چەند قۆناغێك دەبێت، هەروەها هۆكاری ئامادەنەبوونی عێراق بۆ هەڵگرتنی ڤیزا، بۆ بارودۆخی عێراق دەگەڕێنێتەوە، چونكە عێراق ئەو ئامادەكارییەی نییە بۆ هەڵگرتنی ڤیزا، لەبەر ئەوەی بە هەڵگرتنی ڤیزا لە نێوان عێراق و ئێراندا، ژمارەیەكی زۆر لە گەشتیارانی ئێرانی دێنە عێراق و ئەوانیش ئەو ئامادەكارییەیان بۆ هاتنی گەشتیاران نییە.
 
ئاماژەی بەوەش كرد، هەرێمی كوردستان لەو ڕووەوە ئامادەیە و ساڵانە گەشتیارێكی زۆری ئێرانی دێنە هەرێمی كوردستان، ئێستاش ڤیزای ئێران تەنیا بۆ ئەو كەسانە هەڵگیراوە كە پاسپۆرتی دیپلۆماسییان پێیە، رەنگە لە ماوەیەكی نزیكیشدا هەردوولا رێككەون كە ڤیزا لە نێوان ئەو دوو وڵاتەدا نەمێنێت.
 
KDP-
Top