بەرەڤان حەمدی: یەکەم گۆڕی بەکۆمەڵ لە شنگاڵ ھەڵدەدرێتەوە

بەرەڤان حەمدی: یەکەم گۆڕی بەکۆمەڵ لە شنگاڵ ھەڵدەدرێتەوە
بە مەبەستی گفتوگۆکردن دەربارەی چەند پرسێکی تایبەت بە شەھیدان و قوربانییانی چەکی کیمیایی و گۆرە بەکۆمەڵەکانی شنگاڵ، دوێنێ ١١ی ٣ شاندێکی وەزارەتی کاروباری شەھیدان و ئەنفالکراوانی ھەرێمی کوردستان سەردانی بەغدایان کرد.

پەیوەست بەو سەردانەیان، بەرەڤان حەمدی، بریکاری وەزارەتی شەھیدان و ئەنفالکراوان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "سەردانی بەغدامان کرد بە مەبەستی دانیشتن لەسەر پرسی ھەڵدانەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکانی کوردانی ئێزدیی قوربانییانی دەستی داعش و ڕێک کەوتین تیمێکی ھاوبەش لە نێوان ھەردووڵا پێک بێت بۆ ھەڵدانەوەی گۆرە بەکۆمەڵەکانی شنگاڵ، ھەربۆیە لە ڕێکەوتی ١٥ی ٣دا لە شنگاڵ بە چاودێریی وڵاتانی نێودەوڵەتی، ڕێکخراوە بیانییەکان، پسپۆڕانی نێودەوڵەتی و نوێنەرە بیانییەکان، دەست بە ھەڵدانەوەی یەکەم گۆڕی بەکۆمەڵ دەکرێت. ھەروەھا لەسەر چۆنیەتی و ڕێوشوێنەکانی ناشتنەوەیان ڕێک کەوتووین."

یەکێکی تر لە پرسەکانی چوونی ئەو شاندە بۆ بەغدا، قەرەبووکردنەوەی کەسوکاری شەھیدان و ھاوتاکردنی مووچەکانیان لەگەڵ دەزگای شەھیدانی عێراق بوو، ھەروەک حەمدی دەڵێ: "سەردانی دەزگای شەھیدانی عێراقمان کرد، بۆ لێکنزیکبوونەوەو خزمەتکردنی قوربانیان و کەسوکاری شەھیدان، لە یەک نزیکبوونەوەی ھەردوولاش بۆ ھاوتاکردنی مووچەی ھەردوولایە و پەیوەندی و ھەماھەنگیش لە نێوان وەزارەتی کاروباری شەھیدان و دەزگای شەھیدانی عێراق ھەبێت و لە داھاتووشدا ھەوڵی جددی بۆ ئەو پرسە دەدرێ."

ناوبراو گرینگیی سەردانەکەش بۆ بەشداریکردنی ھەردوو حکوومەت لەو پرسەدا دەگەڕێنێتەوە و دەڵێت: "بۆیە کۆبوونەوەی تر لە نێوان ھەردوولا دەکرێت و داوامان لێ کردوون تیمێکیان سەردانی کوردستان بکات."

لە سەردانەکەشیاندا بۆ بەغدا دیداریان لەگەڵ دکتۆر بەشیر حەداد، جێگری دووەمی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و مەھدی عەلاق، ئەمینداری گشتیی ئەنجومەنی وەزیران و، کۆمەڵێک دیداری دیکەشیان لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی عێراق کرد.
KDP-
Top