زیاتر لە ملیارێک دیناری مووچەی کارمەندانی نەخۆشخانەی شار دزرا
کەمێک لەمەوبەر، بەرپرسی یەکێک لە بەشەکانی نەخۆشخانەی شار ڕايگەیاند، پارەی مووچەی تەواوی پزیشک و کارمەندانی نەخۆشخانەی سلێمانی کە ئەمڕۆ سێشەممە ١٢ی ئاداری ٢٠١٩ بۆ دابەشکردنی بەسەر کارمەندەکان وەرگیرابوو، دزراوە.
ئەوەشی ئاشکرا کرد کە سەرجەمی پارەکە زیاتر لە یەک ملیار دینارە و ئێستا پۆلیس گەیشتوونەتە نەخۆشخانەکە و لێکۆڵینەوەی لەبارەوە دەکەن.
هەر لەمبارەیەوە، لە پەخشێکی ڕاستەوخۆی کەناڵی (کوردستان ٢٤)دا شایەدحاڵێک باسی لەوە کرد کە ئەو کەسانەی پارەکەیان دزیوە، چەکداری دەمامکدراو بوون و جلی سەربازییان لەبەردابووە و ژمارەیان چوار کەس بووە، ڕێگەیان لەو لێژنەیەی نەخۆشخانەی شار گرتووە و تەنیا شۆفێری ئۆتۆمبێلەکەی ئەوانیان ڕفاندووە و دواتر دەگوترێ ئازادیان کردوون.
باسیشی لەوە کردووە کە چەکدارەکان ئۆتۆمبێلێکی جۆری نیسان - پاترۆلیان لابووە و بیستوویەتی کە ماوەی نیو کاتژمێر چاوەڕوانی هاتنی ئۆتۆمبێلی پارەکەی نەخۆشخانەی شاریان کردووە.
هێزێکی گەورە لەنێو سلێمانی بڵاو کراوەتەوە و هەوڵی دۆزینەوە و ئاشکراکردنی ئەو کەسانە دەدەن کە پارەکەیان دزیوە.
ئەمڕۆ سێشەممە، مووچەی وەزارەتی تەندرووستی، داد، کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان، ئەنجومەنی دادوەری، کەسوکاری شەهیدان و زیندانییانی سیاسی بەبێ پاشەکەوت لەلایەن وەزارەتی داراییەوە دابەش کرا.
باسنيوز
