دەزگای خێرخوازیی بارزانی بەشداریی کۆنفرانس و پیشانگەی نێودەوڵەتیی دوبەی دەکات
ساڵانە لەژێر چاودێریی راستەوخۆی شێخ محەمەد بن راشد ئەلمەکتوم سەرۆکوەزیرانی ئیمارات و حاکمی دوبەی، کۆنفرانسی نێودەوڵەتیی دوبەی بۆ هاوکاری مرۆیی و پەرەپێدان بەڕێوە دەچێت و ئەمساڵیش دەزگای خێرخوازیی بارزانی لەلایەن رێکخەرانی کۆنفرانسەکەوە بە فەرمی بانگهێشت کراوە.
لە کۆنفرانسەکەدا تیشک دەخرێتە سەر بابەتە مرۆییەکان و نوێنەری ڕێکخراوەکان و کەسایەتییە دیارەکانی بواری مرۆیی تێیدا بەشدار دەبن.
لەمیانەی کۆنفرانسەکەدا چەندین کەسایەتی وتار پێشکەش دەکەن و بارودۆخی مرۆیی لە جیهان تاوتوێ دەکرێت. لە رۆژی یەکەمدا د. حەمدان موسەلەم نوێنەری سەرۆکوەزیرانی ئیمارات و بەڕێوەبەری گشتیی ئاکادیمیای گشتیی ئیمارات لە پانێلی کردنەوەی کۆنفڕانسەکەدا وتارێکی پێشکەش کرد و پاشان ئانتۆنیۆ ڤیتۆرینۆ بەڕێوەبەری گشتی رێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی وتارێکی پێشکەش کرد، هەروەها بەڕێز فیلپۆ گراندی کۆمیسیاری کۆمیسیۆنی باڵای پەنابەران لە پانێلی سەرەتادا وتارێکی تایبەتی لەسەر رەوشی پەنابەران پێشکەش کرد و ئاماژەی بەوەدا کە زیاتر لە ٧٠ ملیۆن پەنابەر لە جیهاندا هەیە.
لە پانێلێکی کۆنفرانسەکەدا کارزان نووری بەرپرسی بەشی پڕۆگرام و پەیوەندییەکانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی وتارێکی لەسەر کێشەکانی کۆچبەران بۆ بەشداربوانی کۆنفرانسەکە پێشکەش دەکات.
کۆنفرانسی نێودەوڵەتی دوبەی بۆ هاوکاری مرۆیی و پەرەپێدان لە ساڵی ٢٠٠٤ەوە هەتا ئێستا دەبەسترێت و هەر ساڵێک تیشک دەخاتە سەر بابەتێکی مرۆیی.
ئەمساڵیش لەبەر گرنگیی رۆڵی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە ناوچەکەدا و پێشکەشکردنی هاوکاری مرۆیی بۆ ئاوارە و پەنابەران، دەزگای خێرخوازیی بارزانی بە فەرمی بانگهێشتی ئەم کۆنفرانسەکە کراوە.
باسنيوز
